موحەرەم ئینجە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کشایەوە

موحەرەم ئینجە، سەرۆکی پارتی مەملەکەت
موحەرەم ئینجە، سەرۆکی پارتی مەملەکەت

K24 - تورکیا:

موحەرەم ئینجە، سەرۆکی پارتی مەملەکەت کشانەوەی خۆی لە رکابەریکردن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا راگەیاند و دوپاتیکردەوە پارتەکەی لە ‌هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (11ــی ئایاری 2023)، موحەرەم ئینجە، سەرۆکی پارتی مەملەکەت و کاندیدی ئەو پارتە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کشانەوەی خۆی راگەیاند و گوتی، ئەو شتانەی لە 45 رۆژی رابردوودا رووبەڕووی بوومەتەوە، 45 ساڵە شتی وەهام نەبینیوە، رووبەڕووی چەندین قسەی هەڵبەستراو و تۆمەت بوومەتەوە وەک وەرگرتنی پارە و ئۆتۆمبێل و گرتەی ڤیدیۆیی هەڵبەستراوە.

هەروەها گوتیشی، ئەوەی بەمن کراوە لە مێژووی کۆماریماندا هیچ سیاستەمەدارێک رووبەڕووی نەبووەتەوە، سەرەرای هەموو ئەو رووداوانە داواکارە گشتییەکان و رۆژنامەوانەکان بێدەنگن و هەڵوێستیان پیشان نەداوە. کۆتا تۆمەت ئەوەیە کە من ناتوانم لەکاندیدبوون بکشێمەوە چونکە لەلایەن دەسەڵاتەوە پشتگیری دەکرێم.

موحەرەم ئینجە، ئاماژەی بوەشکرد، لێرەوە رایدەگەیەنم، لە کاندیدبوون دەکشێمەوە، ئەمە بۆ وڵاتەکەم دەکەم، هەوڵمدا ئاراستەیەکی دیکە بۆ وڵاتەکەم دروست بکەم، کشامەوە بۆ ئەوەی پاساویان نەمێنێت، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا بەردەوام دەبین و داوا لە هەر ماڵێک دەکەم دەنگێک بە پارتی مەملەکەت بدەن.