رێکكەوتنی جەددە.. یەكەم رێكکەوتن لەپاش جەنگی سوودان

Kurd24

لە 15ـی نیسانی 2023، یەكەم فیشەكی شەڕی ناوخۆیی سوودان تەقیندرا، كە تێیدا قوربانی و ماڵوێرانی زۆری لێكەوتەوە، ئەمە جگە لەوەی كە وڵات لە زۆرینەی نێردەی وڵاتان و دیپلۆماتكاران و كەسانی بیانی چۆڵبوو، كە ئەمەش دووبارە زەرەرێكی زۆری لە دۆخی سوودان دایەوە، چونكە سوودان لە دۆخێكی تایبەتی راگوزەردابوو لە پاش لادانی عومەر بەشیری سەرۆككۆماری پێشووی سوودان لە ساڵی 2019. بۆ جێگیركردنی بارودۆخی سیاسی وڵات هەموولایەنە سوودانییەكان چاویان لە وڵاتانی دیكە بوو كە بتوانن هەنگاوی كاریگەربنێن بۆ هێنانەدەرەوەی سوودان لەوكۆت و بەندە ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسییانەی كە سوودان لەسەری بوو بەهۆی سیاسەتی رژێمی پێشوو.

بەڵام وەك هەمیشە یاسای ژیان لەگەڵ واقع و ئارەزووەكاندا ناڕوات، بەڵكو بەرژەوەندی قسەی كۆتایی خۆیدەكات، ئەمەش تەواو بۆ بارودۆخی سوودان ڕاستە، چونكە هەر دوولایەنی سەرەكی شەڕەكە كە سوپای سوودان و هێزی پاڵپشتی خێران، دەیانەوێت لەسەر حسابی بەرامبەر دەسەڵاتی تەواوی وڵات بگرنە دەست.

پاش چەندین دانیشتن و كۆبوونەوە و شەڕی سارد لەنێوانیان، لە 15ـی مانگی ڕابردوو هەردوولایەن ئاستی ناكۆكی نێوانیان گەیاندە ئاستێكی توندتر كە ئەویش رووبەڕووبوونەوەی چەكداری بوو، بەجۆرێك گەیشتە ئاستی بەكارهێنانی فڕۆكەی جەنگی لەلایەن سوپای سوودانیەوە لە دژی هێزی پاڵپشتی خێرا، بەهۆی نەبوونی هێزی ئاسمانی لەلایەن هێزی پاڵپشتی خێراوە، ناچاربوون هێزەكانیان ببەنە ناو شارەكان بۆ ئەوەی فڕۆكەی جەنگی سوپای سوودانی لەبەر بوونی خەڵكی سڤیل نەتوانن بۆردومانیان بكەن، بەمەش دووبارە ژیانی خەڵكی سڤیل خرایەوە بەر مەترسی، لەماوەی شەڕەكەدا دیاردەی دزی و تاڵانی بەڕێژەیەكی بەرچاو گەشەی سەند بەهۆی نەمانی هێزەكانی پۆلیس لە وڵاتدا، ئەمە جگە لە تێكشكانی ئابووری وڵات.

هەرچەندە ئاگربەستیان پێشتر ڕاگەیاندبوو بەڵام هەرزوو پێشێلیان كرد، تا لە 6ـی ئایاری 2023 نوێنەری هەردوولا لەژێر سەرپەرشتی ئەمەریكا و سعوودیە لە شاری جەدە كۆبوونەوە، دانوستاندنەكەیان تا 11ـی ئایاری 2023 درێژەی كێشاو بە رێکكەوتنی هەردوولا كۆتایی هات، كە بە رێکكەوتنی جەددە ناسرا، كە خۆی لە چەند خاڵێكدا دەبینێتەوە، گرنگترینیان ئەمانەن:

• رێکكەوتنەكە و كاریگەری لەسەر دۆخی یاسایی و سیاسی و ئەمنی هەردوولا ناكات.

• رێکكەوتنەكە پەیوەست نیە بە هیچ پڕۆسەیەكی سیاسییەوە.

• جیاوازیكردن لەنێوان كەس و شوێنی مەدەنی و سەربازی.

• رێگریكردن لە هەرهێرشێك كە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە شوێنی مەدەنی.

• رێگەدان بە كەسانی مەدەنی كە هەركات ویستیان بچنە دەرەوەی شوێنی شەڕ و ئەبڵوقە نەدرێن.

بە كورتی رێکكەوتنەكە لە بەرژەوەندی كەسانی سڤیلە و دەبێتە هەنگاوی یەكەم بۆ رێکكەوتنی دیكە سەبارەت بە دۆخی سوودان.