رێژەی دەنگەکانی ئەردۆغان دابەزی و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەرەو گەڕی دووەم دەچێت

رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کڵچدارئۆغڵو
رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کڵچدارئۆغڵو

K24 – هەولێر:

بەگوێرەی ئەنجامی رێژەی 90%ـی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، تاوەکو ئێستا هیچ یەکێک لە کاندیدەکان نەیانتوانیوە نیوەی زیاتری دەنگەکان بەدەستبهێنن بۆیە بە ئەگەرێکی زۆر لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن لەنێوان ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو جارێکی دیکە کێبڕکێ بکەن.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە رێگەی میدیا فەرمییەکانی وڵاتەکەی رێژەی جیاکردنەوەی 90.6%ـی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیای بڵاوکردووەتەوە و رەجەب تەیب ئەردۆغان رێژەی 49.9%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناو و کەمال کڵچدارئۆغڵوش 44.4%ـی دەنگەکانی هەیە.

لەلایەن خۆیەوە، عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، رەخنەی لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و مەنسور یاڤاش گرت کە دوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی هاوبەش کڵچدارئۆغڵویان بە سەرۆک کۆماری 13ـەمینی تورکیا ناوبرد و ئەمەشی بە پێشێلکردنی یاسا و ئیرادەی گەلی تورکیا وەسفکرد.

هاوکات ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، هیچ دواکەوتنێک لە تۆمارکردنی دەنگەکان نییە و بەردەوامن لە کارەکانی خۆیان و بەپێی یاساش دەنگەکان لەگەڵ لایەنەکان بەش دەکەن.

رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەپێی ئاماری میدیاکانی تورکیا گەیشتووەتە 88.35%، بەڵام تاوەکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار دەنگی دەنگدەرانی دەرەوەی تورکیا بە تەواوی هەژمارنەکراوە و نەخراوەتە سەر سیستمی رێژەی دەنگەکان.

هەروەها لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیاش، تا جیاکردنەوەی 82.77%ـی دەنگەکان، هاوپەیمانی کۆمار بە سەرۆکایەتی کۆمار بە بەدەستهێنانی 326 کورسی لە پلەی یەکەمدایە و هاوپەیمانی میللـەت بە 214 کورسی لە پلەی دووەم دێت.

هەرچی هاوپەیمانی رەنج و ئازادیشە کە هەدەپە لەژێر ناونیشانی پارتی چەپی سەوز سەرۆکایەتی دەکات تاوەکو جیاکردنەوەی ئەو رێژەیە لە دەنگەکان، 59 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.

لەلایەن خۆیەوە، سینان ئؤغان، کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا بۆ سەرۆکایەتی کۆمار لە لێدوانێکدا لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان، رایگەیاند، پێشبینییەکان بە ئاراستەی ئەنجامدانی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانن بۆ یەکلایی کردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا.

پەرلەمانی تورکیا لە 600 کورسی پێکهاتووە و بەسەر 87 بازنەی هەڵبژاردن لە 81 پارێزگای تورکیا دابەشکراوە کە زۆرتری کورسی لە ئیستانبوڵە بە 98 کورسی و پاشان ئەنقەرە دێت بە 36 کورسی.

لەبارەی رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران، میدیاکانی تورکیا ئاماژەیان بەوەکردووە، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 88.29%ـی دەنگدەران بەشدارییان لە پرۆسەی دەنگدان کردووە و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیش رێژەی بەشداریکردن گەیشتووەتە 87.21%.

رۆژی یەکشەممە (14ـی ئایاری 2023)، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە سەرتاسەری باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو.

پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە کاتژمێر 8ی بەیانی تا 5ی ئێوارە بەردەوام بوو و هەزار و 94 بنکەی دەنگدان ئامادەکراون و لە 156 وڵات و نوێنەرایەتی تورکیا سندووقی دەنگدان دانراون.

لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا کە 28مین خولی پەرلەمانی تورکیایە 24 پارت و 151 کاندیدی سەربەخۆ لەسەرانسەری تورکیادا بەشداربوون، سێ کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کێبڕکێیان كرد.

 بەگوێرەی یاساکانی ئەو وڵاتە، ئەگەر هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکان زیاتر لە 50%ـی دەنگەکانی بەدەستنەهێنا، ئەوا لە 28ـی ئەم مانگە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن لەنێوان ئەو دوو کاندیدەی بەڕێوەدەچێت کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە.

کێبڕکێی سەرەکی لەنێوان هەریەکە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار و کەمال کڵچدارئۆغڵو لە هاوپەیمانی میللـەت هەیە بۆ گەیشتن بە کۆشکی چانکایە و دانیشتن لەسەر کورسی سەرۆکایەتی تورکیا بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو.

زۆرینەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا پشتیوانی لە کڵچدارئۆغڵوی سەرۆکی جەهەپە دەکەن لە رکابەرییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە لە هاوپەیمانی شەش لایەنەکە بەناوی "میللـەت" کۆبوونەتەوە کە دواتر هەدەپەش پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕی. لەبەرامبەردا، ئەکپارتی و هاوپەیمانەکانی سوورن لەسەر هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان لە پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا.

دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدانیش، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر رایگەیاند بەشێوەیەکی دیموکراسییانە پڕۆسەی هەڵبژاردن کۆتاییهات و ئاماژەی بەوەکردووە، "ئێستا کاتی ئەوەیە وەک هەمیشە ئاگاداری سندوقەکانی دەنگدان بین و تا یەکلاییبوونەوەی ئەنجامەکان، بەردەوامبین لە پاراستنی ئیرادەی گەلەکەمان".

لەلایەن خۆشیەوە، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە تویتێکدا داوای لە چاودێرانی بنکەکانی دەنگدان کردووە، سندووقەکانی دەنگدان بەجێنەهێڵن تاوەکو کۆتایی هاتنی تەواوی پرۆسەکە.