ئەردۆغان زیاتر لە 25 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان
رەجەب تەیب ئەردۆغان

K24 - هەولێر:

جیاکردنەوەی دەنگەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورلکیا بەردەوامە و تائێستا هەرچەندە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پێش کەمال کڵچدارئۆغڵووەیە، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆامر دەکەوێتە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بەهۆی بەدەستنەهێنانی زیاتر لە نیوەی دەنگەکان لەلایەن هیچ یەکێك لە کاندیدەکانەوە.

تا جیاکردنەوەی رێژەی 95.1%ـی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، رێژەی دەنگەکانی کاندیدەکان بەم شێوەیەیە:

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار، 25 ملیۆن و 830 هەزار و 170دەنگی بەدەستهێناوە کە دەکاتە رێژەی 49.5%ـی دەنگەکان.

کەمال کڵچدارئۆغڵو لە هاوپەیمانی میللـەت، 23 ملیۆن و 374 هەزار و 991 دەنگی بەدەستهێناوە کە دەکاتە رێژەی 44.8%ـی دەنگەکان.

سینان ئۆغان لە هاوپەیمانی ئاتا، دوو ملیۆن و 752 هەزار و 622 دەنگی بەدەستهێناوە کە دەکاتە 5.3%ـی دەنگەکان.

کەمێك پێش ئێستا کەمال کڵچدارئۆغڵو لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی کورتدا داوای لە چاودێرانی سندووقەکانی دەنگدان کرد بەردەوام بن لە چاودێریکردنی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان لەپێناو پاراستنی دەنگی ئیرادەی خەڵك.

هەرچەندە توڕەییەکی زۆر بە رووخسار و قسەکانی کڵچدارئۆغڵوەوە دیاربوو، بەبێ ئەوەی روونکردنەوەی زیاتر بدات لەسەر دەرئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن، تەنیا لەبارەی دروستکردنی کۆسپ لەبەردەم ئەژمارکردنی دەنگەکانی ئەو سندووقانەی زۆرترین دەنگی ئەوانی لێیە، ئاماژەی بەوەکرد، "قبوڵ ناکەین ئەوەی ئێستا روودەدات ببێت بە واقع".

دوای ئەوەی رۆژی (14ـی ئایاری 2023)، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئیستانبوڵ لە هەڵبژاردنەکان دەنگیدا، درەنگانی شەو گەڕایەوە ئەنقەرە و چاوەڕێ دەکرێت لەناو پشتیوانانی گوتارێک پێشکەش بکات.

هەروەها رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەپێی ئاماری میدیاکانی تورکیا گەیشتووەتە 88.35%.

رۆژی یەکشەممە (14ـی ئایاری 2023)، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە سەرتاسەری باکووری کوردستان و تورکیا لە کاتژمێر 8ی بەیانی تا 5ی ئێوارە بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی یاساکانی ئەو وڵاتە، ئەگەر هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکان زیاتر لە 50%ـی دەنگەکانی بەدەستنەهێنا، ئەوا لە 28ـی ئەم مانگە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن لەنێوان ئەو دوو کاندیدەی بەڕێوەدەچێت کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە.

کێبڕکێی سەرەکی لەنێوان هەریەکە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار و کەمال کڵچدارئۆغڵو لە هاوپەیمانی میللـەت هەیە بۆ گەیشتن بە کۆشکی چانکایە و دانیشتن لەسەر کورسی سەرۆکایەتی تورکیا بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو.

زۆرینەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا پشتیوانی لە کڵچدارئۆغڵوی سەرۆکی جەهەپە دەکەن لە رکابەرییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە لە هاوپەیمانی شەش لایەنەکە بەناوی "میللـەت" کۆبوونەتەوە کە دواتر هەدەپەش پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕی. لەبەرامبەردا، ئەکپارتی و هاوپەیمانەکانی سوورن لەسەر هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان لە پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا.

دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدانیش، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر رایگەیاند بەشێوەیەکی دیموکراسییانە پڕۆسەی هەڵبژاردن کۆتاییهات و ئاماژەی بەوەکردووە، "ئێستا کاتی ئەوەیە وەک هەمیشە ئاگاداری سندوقەکانی دەنگدان بین و تا یەکلاییبوونەوەی ئەنجامەکان، بەردەوامبین لە پاراستنی ئیرادەی گەلەکەمان".

لەلایەن خۆشیەوە، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە تویتێکدا داوای لە چاودێرانی بنکەکانی دەنگدان کردووە، سندووقەکانی دەنگدان بەجێنەهێڵن تاوەکو کۆتایی هاتنی تەواوی پرۆسەکە.