کڵچدارئۆغڵو: لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن دەیبەینەوە

کەمال کڵچدارئۆغڵو
کەمال کڵچدارئۆغڵو

K24 – هەولێر:

کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت بە ئامادەبوونی سەرکردەکانی هاوپەیمانییەتەکە گوتارێکی کورتی پێشکەشکرد و رایگەیاند خۆیان بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکان ئامادە دەکەن و لە ئەردۆگان دەبەنەوە.

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت بۆ سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند، ئەوان سەرسامن بە بەشداری ئەو رێژە زۆرەی هاووڵاتییان لە هەڵبژادنەکان و بەردەوام دەبن لە هەوڵدان بۆ گۆڕانکاری لە وڵات.

کڵچدارئۆغڵو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەردۆغان نەیتوانی ئەوە بەدەستبهێنێت کە بانگەشەی بۆ دەکرد و ئەوانیش پاڵپشت بە ئیرادەی گەل لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن و لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بەسەر ئەردۆغان سەردەکەون.

دوای ئەوەی لە گوتارەکەیدا، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان لە باڵکۆنەوە قسەدەکەن و ئەوانی دیکەش لە چێشتخانەن، کڵچدارئۆغڵو وەڵامیدایەوە و گوتی گۆڕانکاری لە وڵات لە بەڵکۆنەکانەوە ناکرێت.

رۆژی یەکشەممە (14ـی ئایاری 2023)، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە سەرتاسەری باکووری کوردستان و تورکیا لە کاتژمێر 8ی بەیانی تا 5ی ئێوارە بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی یاساکانی ئەو وڵاتە، ئەگەر هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکان زیاتر لە 50%ـی دەنگەکانی بەدەستنەهێنا، ئەوا لە 28ـی ئەم مانگە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن لەنێوان ئەو دوو کاندیدەی بەڕێوەدەچێت کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە.

کێبڕکێی سەرەکی لەنێوان هەریەکە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار و کەمال کڵچدارئۆغڵو لە هاوپەیمانی میللـەت هەیە بۆ گەیشتن بە کۆشکی چانکایە و دانیشتن لەسەر کورسی سەرۆکایەتی تورکیا بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو.

زۆرینەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا پشتیوانی لە کڵچدارئۆغڵوی سەرۆکی جەهەپە دەکەن لە رکابەرییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە لە هاوپەیمانی شەش لایەنەکە بەناوی "میللـەت" کۆبوونەتەوە کە دواتر هەدەپەش پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕی. لەبەرامبەردا، ئەکپارتی و هاوپەیمانەکانی سوورن لەسەر هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان لە پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا.

دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدانیش، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر رایگەیاند بەشێوەیەکی دیموکراسییانە پڕۆسەی هەڵبژاردن کۆتاییهات و ئاماژەی بەوەکردووە، "ئێستا کاتی ئەوەیە وەک هەمیشە ئاگاداری سندوقەکانی دەنگدان بین و تا یەکلاییبوونەوەی ئەنجامەکان، بەردەوامبین لە پاراستنی ئیرادەی گەلەکەمان".

لەلایەن خۆشیەوە، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە تویتێکدا داوای لە چاودێرانی بنکەکانی دەنگدان کردووە، سندووقەکانی دەنگدان بەجێنەهێڵن تاوەکو کۆتایی هاتنی تەواوی پرۆسەکە.