سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا: لەسەدا 99ی سندوقەکانی ناوخۆی وڵات کراونەتەوە

ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا
ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا

K24 - هەولێر:

ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، تا کاتژمێر 09:45ـی بەیانی ئەمڕۆ لە بەربژێران بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەدا 49.40؛ کەمال کڵچدارئۆغڵو لەسەدا 44.96؛ سینان ئۆغان لەسەدا 5.20 و موحەڕەم ئینجە لە سەدا 0.44  دەنگیان بە دەست هێناوە.

سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، لە ناوخۆی تورکیا ژمارەی سندوقەکان بە تێکڕایی 192 هەزار و 214 بووە و تا کاتژمێر 09:45، 192 هەزار و 187 سندوق کراونەتەوە، گوتی: "رێژەی کردنەوەی سندوقەکان لە ناوخۆی وڵات گەیشتووەتە لەسەدا 99 ژمارەی سندوقە نەکراوەکانی ناوخۆ 27ە. لە دەرەوەی وڵاتیش نۆ هەزار و 594 سندوقمان هەبووە و هەشت هەزار و 65یان کراونەتەوە و هەزار و 529یشیان هێشتا نەکراونەتەوە".

دوای گەیشتنی بۆ ئەنقەرە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە بالکۆنی بارەگای سەرەکی ئاکپارتی لە ئەنقەرە گوتارێکی بۆ هەزاران لایەنگری ئاکپارتی و هاوپەیمانی کۆمار پێشکەشکرد و رایگەیاند، خەڵک ئەوانی هەڵبژاردووە بەڵام چاوەڕوانی ئەنجامە فەرمییەکان دەکەن.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، "وڵاتەکەمان لە هەڵبژاردنی 14ی ئایار کۆتایی بە هاوسەنگی دیموکراسی هێنا". ئەگەر تا ئێستاش هیچ ئەنجامێکی فەرمی نەبێت، ئێمە لە پێشەوەین. ئێمە وەک ئەوانە نین کە ئەوەندە لە دواوەن، وا خۆیان نیشان دەدەن کە لە پێشەوەن. ئێمە زانیاریمان هەیە لە پێشەوەین، بەڵام ئەنجامە فەرمییەکان نازانین، چاوەڕێی ئەنجامەکان دەکەین".

ئەردۆغان گوتیشی، "سەرکردەکانی جەهەپە و بەشێک لە سەرۆک شارەوانییەکان دەیانەوێت خەڵک فریو بدەن. سیستمی هەڵبژاردنی ئێمە نموونەیە لە جیهاندا. ئێمە هەمیشە پابەندبووین بە ئیرادەی میللەتەوە. ئێمە رێز لە ئەنجامەکان دەگرین و دەمانەوێت لە هەموو لایەکەوە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین".

لای خۆیەوە، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت بە ئامادەبوونی سەرکردەکانی هاوپەیمانییەتەکە گوتارێکی کورتی پێشکەشکرد و رایگەیاند خۆیان بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکان ئامادە دەکەن و لە ئەردۆگان دەبەنەوە.

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت بۆ سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند، ئەوان سەرسامن بە بەشداری ئەو رێژە زۆرەی هاووڵاتییان لە هەڵبژادنەکان و بەردەوام دەبن لە هەوڵدان بۆ گۆڕانکاری لە وڵات.

کڵچدارئۆغڵو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەردۆغان نەیتوانی ئەوە بەدەستبهێنێت کە بانگەشەی بۆ دەکرد و ئەوانیش پاڵپشت بە ئیرادەی گەل لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن و لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بەسەر ئەردۆغان سەردەکەون.