200 ملیار دیناری دیکەی مووچە گەیشت

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ 200 ملیاری دیکە لە بەغداوە خرایە سەر هەژماری بانکی هەرێم، بڕیارە ئەمڕۆ یان سبەی 200 ملیاری دیکەش رەوانە بکرێت.

فارس عیسا، سەرۆکایەتی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان24ی رایگەیاند، رێکارەکانی ناردنی 400 ملیار دینار مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەواو کرا، کەمێک پێش ئێستا 200 ملیاری لە رێگەی بانکی رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی هەرێم/ لقی هەولێر".

سەرۆکایەتی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، گوتیشی: "200 ملیارەکەی دیکە ئەمڕۆ یان سبەی رێگەی بانکی رەشیدەوە دەخرێتە سەر بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق".

پێشتر لە رۆژی سێشەممە 9ـی ئایاری 2023، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو: "لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕی 400 ملیار دینار لە رێگەی بانکی رەشید و رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق".