سابات و ساوێن گۆرانییەک بە باڵای دایکیاندا هەڵدەڵێن

سابات و ساوێن
سابات و ساوێن

K24 - هەولێر:

سابات و ساوێن، دوو كچی موزیکژەن و دەنگخۆش، کە بە گۆرانیە فۆلکلۆری و رەسەنەکانەوە هاتنە نێو دونیای گۆرانی و موزیکەوە، ئەمجارە گۆرانییەک بۆ دایکیان دەڵێن.

دوای جێهێشتنی نیشتمان، ئێستا لە وڵاتی کەنەدا نیشتەجێن و چەندین بەرهەمی نوێیان تۆمار کردووە، دوا بەرهەمیشیان گۆرانیەکی نوێیە، کە بە باڵای دایکیاندا هەڵگوتووە و بووەتە نوێترین بەرهەمیان لە چەناڵە تایبەتیەکەیان لە یوتیوب.

سابات لەبارەی بەرهەمەکەیانەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لەگەڵ بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكەمان، کە ناومان ناوە (دایە) ئەو بەرهەمە پێشكەش بە دایكانی كوردستان دەکەین، كە میهرەبانترین و بەوەفاترین، ئازاترین دایكانی جیهانن، دایە گیان لێرەوەش پێی دەڵێم؛ دایکە بمبورە كە لەلات نیم تا دەستاكانت ماچ بكەم".

سابات گوتیشی: گۆرانییەکە لە تێکستی و ئاوازی خۆم و ساوێنە و سوهراب جۆڵ کاری دابەشکردنی موزیکی بەرهەمەکەی کردووە.