ئاسایشی هەولێر فرۆشیارانی بلوتووز بە قوتابیان بۆ گزیکردن لە تاقیکردنەوەکان دەستگیردەکات

تۆمەتبارەکان لە ئاسایشی هەولێر
تۆمەتبارەکان لە ئاسایشی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی چەند کەسێک ئاشکرادەکات کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەڵساون بە فرۆشتنی ئامێری بلوتووز بە قوتابییان بە بۆ مەبەستی گزیکردن (غەش) بەکاردەهێندرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (18ـی ئایاری 2023)، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی لەلایەن وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاگادارکراونەتەوە کە چەند کەسێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەڵدەستن بە فرۆشتنی ئامێری (بلوتووز) کە لەلایەن قوتابییانەوە بۆ کاری (گزی/غەش)کردن بەکاردەهێنرێت، هەروەها بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە دەتوانن وەڵامی پرسیارەکانی قۆناغی پۆلی 12 بەردەست بخەن و بەرامبەر بە بڕێک پارە بیدەن بە قوتابییان، بۆ ئەم مەبەستە تیمەکانی ئاسایش بە داڕشتنی پلانێک توانیویان ناسنامەی چەند تۆمەتبارێک ئاشکرا بکەن.

ئاسایشی هەولێر بڵاویکردووەتەوە، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لە (17ـی ئایاری 2023) توانیویانە ئەو کەسانە دەستگیر بکەن، هەروەها دەست بگرن بەسەر چەند ئامێرێکی جۆراوجۆری گزیکردن، لە ماوەکانی رابردووش چەند تۆمەتبارێکی دیکە لەسەر هەمان تاوان دەستگیرکراون و دراون بە دادگا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 ئەو کەسانەی دەستگیرکراون ژمارەیان چوار کەسە و دانیشتووی هەرێمی کوردستانن و لە شارەکانی دیکەوە هاتوونەتە هەولێر بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە، ئەو ئامێر و کەلوپەلانەی دەستی بەسەردا گیراوە، لە چەند جۆرێکی جیاوازی ئامێر پێکهاتووە کە بۆ مەبەستی گزیکردن ئامادەکراوە کە بەشێوەی بلوتووز و ئامێری بێ تەل کاردەکەن و لەناو جلوبەرگی ژێرەوەی کچان و کوڕان و پێڵاو بە شاراوەیی دانراون بۆ کاری گزیکردن لە تاقیکردنەوەکاندا.

لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێردا هاتووە، "لێرەوە قوتابییان و خوێندکارانی خۆشەویست و ئازیزی هەرێمی کوردستان دڵنیادەکەینەوە کە ئەو قسانەی باس لە ئاشکرابوون یان بەردەستخستنی وەڵامی پرسیارەکانی پۆلی 12 دەکەن دوورن لە راستییەوە، تەنها ئامانج پارە وەرگرتن و فێڵکردنە لەقوتابییان و خوێندکاران".

هەروەها ئاسایشی هەولێر داوا لە قوتابییان و خوێندکارانی دەکات خۆیان بەدوور بگرن لە کڕینی ئامێرەلانی بلوتووز و سوپاسی دانیشتووانی شاری هەولێر و دەوروبەری دەکات کە هەمیشە هەماهەنگ و هاوکاربوونە لە پێدانی زانیاری لەسەر کەسانی تۆمەتبار بە دەزگاکەیان.

رۆژی یەکشەممە (30ـی نیسانی 2023) لە راگەیەندراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتی کاروباری یاسایی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکردووە، لە چەند رۆژی رابردوودا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، لەسەر سکاڵای یاسایی وەزارەتی پەروەردە، چەندین باندی فریوودەریان دەستگیرکردووە، کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان قوتابیانیان فریوداوە بە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بۆ گزیکردن (غش).