لەسەر سکاڵای وەزارەتی پەروەردە چەند باندێک لەسەر هاندانی قوتابیان بۆ گزیکردن دەستگیرکراون

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی کاروباری یاسایی وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، چەند باندێکی فریودەری قوتابیان بۆ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بۆ گزیکردن لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە (30ـی نیسانی 2023) لە راگەیەندراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتی کاروباری یاسایی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکردووە، لە چەند رۆژی رابردوودا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، لەسەر سکاڵای یاسایی وەزارەتی پەروەردە، چەندین باندی فریوودەریان دەستگیرکردووە، کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان قوتابیانیان فریوداوە بە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بۆ گزیکردن (غش).
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بەمەبەستی بەدیهێنانی دادپەروەری، سکاڵاکاردەبین لەسەر هەر کەس و باندێک، کە بانگەشەی نایاسایی لەبارەی تاقیکردنەوەکان بکات و رووبەڕووی دادگایان دەکەینەوە".
بەڕێوەبەرایەتی کاروباری یاسایی لە دیوانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گشت پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەکات بۆ هەماهەنگییان لەگەڵ دامودەزگا پەروەردەییەکان لە سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکان.
رۆژی شەممە (29ـی نیسانی 2023)، نورەددین عوسمان، بەڕەێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە بەشداری زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار قوتابی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی خولی یەکەمی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکانی هەرێمی کوردستان دەستیانپێکرد هەروەها بە بەشداری نزیکەی 124 هەزار قوتابی، تاقیکردنەوە نیشتمانییەکانی "وەزاری" پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی لە هەمان رۆژ دەستیانپێکرد.