باپیر کامەلا: ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا خواستی هەموو لایەکە

K24 – هەولێر:

سەرۆکی فراکسیۆنی سەردەم لە پەرلەمانی کوردستان جەختی لەسەر گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا کردەوە  و راشیگەیاند، دواکەوتنی هەڵبژاردن لەسەر هەرێمی کوردستان کاریگەری نەرێنی دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (18ــی ئایاری 2023)، باپیر کامەلا، سەرۆکی فراکسیۆنی سەردەم لە پەرلەمانی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8ــی کوردستان24 رایگەیاند، هەڵبژاردن پرۆسەیەکی گرنگە و پێویستە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت و دوانەخرێت.

هەروەها راشیگەیاند، هەرێمی کوردستان بۆتە جێگای گرنگی وڵاتانی جیهان و نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆیە هەموو لایەک داواکارن هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت.

باپیر کامەلا، ئاماژەی بەوەدا، پێویستە کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە بە پێی ئەو رێککەوتنەی کە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەیە، روونیکردەوە، کۆمیسیۆن لە کوردستان لە ئەندامانی پێنج لایەنی سەرەکی پێکدێت، پێویستی دەکرد نوێنەری هەموو لایەنەکانی دیکەی تێدابێت.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی، سەرۆکی فراکسیۆنی سەردەم لە پەرلەمانی کوردستان، گوتی، ئومێد دەکەین بەیانی لە کۆبوونەوەکەی نێوانیاندا لەسەر ئەو خاڵانەی کە ناکۆکن بگەنە رێککەوتن.

باپیر کامەلا، لە درێژەی قسەکانیدا دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی بە گرنگ وەسفکرد و گوتی، جێگەی دڵخۆشییە دەبێتە مایەی چارەسەرکردنی كێشەکان.

سبەی هەینی 19ـی ئایاری 2023، هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی بە بەشداری رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی هەردوو فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێت و ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکرێت سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن.

بەگوێره‌ی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەی رۆژی (16ـی ئایاری 2023)، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەکێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی، بڕیاردراوە لەم هەفتەیەدا، بەشی هەڵبژاردنی پارتی و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی لەسەر دوایین گفتوگۆکان و رێککەوتن لەسەر پرسی هەڵبژاردن کۆببنەوە و کۆنووسێک ئامادە بکەن و دواتر کۆنووسەکە لە کۆبوونەوەی داهاتووی هەردوو مەکتەبی سیاسی گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.

رۆژی پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، سەرۆک بارزانی لەمیانی گوتارێکدا لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و داوای لێکردن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و گوتی، بە دژایەتیکردنی یەکتری کەس هیچی دەستناکەوێت.

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، داوای لە هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کرد کۆببنەو بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان و ئامادەکاری بکەن بۆ کۆبوونەوەی فراوانی لایەنەکان پێش 18ـی مانگ لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەش.

دوای پەیامەکەی سەرۆک بارزانیش، هەریەکە لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و زۆربەی سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پشتیوانی و ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەربڕی.

رۆژی (26ـی ئاداری 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانێک رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە".

بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنیش، پەرلەمانی کوردستان، رۆژی 5ـی نیسانی 2023 تا رۆژی 12ـی نیسانی 2023، دەرگای خۆکاندیکردن بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کردەوە و رۆژی (10ـی نیسانی 2023)، هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنەکانی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوو پۆست لە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە بەتاڵی ماونەتەوە و پارتی لە پشکی خۆی بەهجەت ئاڤدەل لە جێگەی جوتیار عادل بۆ ئەنجوومەنەکە کاندید کردووە.

پێشتر رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، بەپێی رێککەوتنی لایەنەکان رۆژی دەنگدان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە یەک کات دەبێت.

هەروەها رۆژی (30ـی نیسانی 2023)، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یاداشتێکدا بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان داوایکرد، لە چەند رۆژی ئایندەدا متمانەدان بە ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێمی کوردستان بخرێتە بەرنامەی دانیشتنی پەرلەمان و بەر لە (18ـی ئایاری 2023) کە دەکاتە شەش مانگ بەر لە وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆنێکی کارا هەبێت و هیچ بیانوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نەمێنێت.