سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا ئاگربەستێکی نوێیان راگەیاند

دیمەنێکی خەرتوومی پایتەختی سوودان
دیمەنێکی خەرتوومی پایتەختی سوودان

K24 - هەولێر

سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا رێککەوتنێکیان بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی حەوت رۆژە واژووکرد.

ئاژانسی رۆیتەرزی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، دوای زیاتر لە مانگێک لە شەڕ و پێکدادانەکان، سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا رێککەوتنێکیان واژووکرد بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێک بۆ ماوەی حەوت رۆژ.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئاگربەستەکەی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، رۆژی دووشەممە 22ی ئایاری 2023، کاتژمێر 10:45 خولەکی شەو بەکاتی هەولێر دەستپێدەکات.

وەکو ئەوەی ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی پێداوە، رێککەوتنەکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ تەواوی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە.

لای خۆیەوە؛ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتیکردەوە، کاتی ئەوە هاتووە چەکەکان بێدەنگ بکرێن بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی سوودان دەستیان بە هاوکارییە مرۆییەکان بگات، داواش لە هەردوو لایەنی شەڕ و پێکدادانەکان دەکات پابەندنی رێککەوتنەکە بن.

بەپێی ئاماری کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ململانێکان بووەنەتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 843 هەزار کەس لە ناوخۆی سوودان و هەروەها نزیکەی 250 هەزار کەسیش بۆ وڵاتانی دراوسێ هەڵاتوون.

لە بەیانی 15ـی نیسان، لە خەرتووم پایتەختی سوودان و چەندین شاری دیکە پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.​​​​​​​