سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیار دینار بۆ بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون تەرخان دەکات
K24 - هەولێر:
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوو ملیار و 771 ملیۆن دینار بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون تەرخان دەکات.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەم بە سێکتەری کشتوکاڵ، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، رەزامەندیی دا لەسەر خەرجکردنی بڕی دوو ملیار و 771 ملیۆن دینار، بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی رووبەرووبوونەوە و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، بۆ پاراستنی سامانی ئاژەڵ و تەندروستیی گشتی لە ھەرێمی کوردستان.
ئاماژە بەوەشدرا، ئەم بڕە پارەیە لەسەر بودجەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو خەرج دەکرێت.