حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی دروستکردنی پۆندی هەرەوەزی بۆ گوندنشینان رادەگەیەنێت

K24 - هەولێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی و چۆڵنەبوونى گونده‌كان، پڕۆژەی دروستکردنی پۆندی هەرەوەزی گلدانەوەی ئاو بۆ گوندنشینان رادەگەیەنێت و دەڵێت، زیاتر لە 800 گوندی هەرێم پێویستییان بە دابینکردنی سەرچاوەکانی ئاوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ـی ئایاری 2023، کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر هەموو ناوچەکانی جیهان و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەهۆی ئەوەی ناوچەیەکی وشک و نیمچەوشکە، بەرەو وشکتربوون و گەرمتربوونی زیاتر دەچێت و، "ئێمەش وەکو هەرێمی کوردستان کاریگەرمەندین بە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و  وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ لە نزیکەوە درک بەو کاریگەرییانە دەکەین".

کاروان سەباح روونیشیکردەوە، لەماوەی رابردوودا توێژێنەوەیەکیان بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە، "بەداخەوە کاریگەرییەکان زۆر زۆر گەورەن و ئەوەی ئێمە هەستمان پێکردووە، پێویستیمان بە پلان و گرتنەبەری هەندێک رێکاری بەپەلە هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو کاریگەرییانە".

"ساڵی رابردوو، بە وشکترین ساڵ و کەمئاوترین ساڵی مێژووی ئەم ناوچەیە و عێراق و هەرێمی کوردستانیش دادەندرێت و بەگوێرەی ئەو رووپێوییەی پارساڵ ئەنجاممان داوە، یەک لەسەر چواری گوندەکانی کوردستان کە ژمارەیان لە سەرووی 800 گوندە، پێویستییان بە پلانێکی خێرا بۆ دابینکردنی سەرچاوەکانی ئاو هەیە." ئەمە بە گوتەی کاروان سەباح بۆ رۆژنامەنووسان.

وەکو ئەوەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی پێ دا، ساڵی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان "سەرەڕای ئەو خراپە داراییەی" هەی بووە، رەزامەندی داوە لەسەر دروستکردنی 41 پۆند، کە وەکو خۆی دەڵێت، بۆ جاری یەکەم بوو لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا، بڕیار لەسەر دروستکردنی ئەو ژمارە پۆندانە بدرێت.

 

 

بەگوتەی کاروان سەباح، ئەو بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا "بەش ناکات" و هاوتەریب لەگەڵ ئەو بڕیارە، پلانی پۆندی هەرەوەزییەکانی بۆ گوندنشینان راگەیاند، "پۆندی هەرەوەرزی بریتیە لە دروستکردنی پۆند لە نێوان خەڵکی گوندنشینەکان بە پاڵپشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاو بە ئاماژەدان بەوەی ژمارەیەک رێنماییان لەبارەی دروستکردنی پۆند لە ناوچە گوندنشینەکان دەرکردووە، ئاماژەی بەوشدا، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لەکاتی دروستکردنی پۆندا رووبەڕووی هیچ کێشەیەکی یاسایی، ژینگەیی و کۆمەڵایەتی نەبنەوە، دەبێت لەسەر بنەمای زانستی و کارگێری پۆندەکان دروستبکەن و رێنماییەکانیان پەیرەو بکەن.

لەبارەی میکانیزمی دروستکردنی پۆندەکان لەلایەن خەڵکی گوندنشینانەوە؛ وەکو ئەوەی کاروان سەباح باسی دەکات، خەڵکی گوندەکەکان دەبێت خۆیان لیژنەیەک دروستبکەن، شوێن دروستکردنی پۆند دیاریبکەن و خۆیان ئامدەیی و توانای دارایی دروستکردنی پۆندیان هەبێت؛ لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێم مۆڵەتیان پێدەدات، تێستە زانتسییەکان و دیزایینی پۆندەکان لە ئەستۆ دەگرێت و تیمی ئەندازیاری و جیۆلۆجی پێویست بۆ سەرپەرشتیکردنی دروستکردنی پۆندەکان دابین دەکات.

هاوکات ئەمڕۆ پێنجشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، دروستکردنی ئەو پۆندانە کێشەى کەمئاوى و کاریگەرییەکانى وشکەساڵى کەم دەکاتەوە و دەبێتە سەرمایەیەکى نیشتیمانی بۆ گەشەپێدانى کەرتەکانى کشتوکاڵ و گەشتیارى. هاوکات سنوورێک بۆ‌ هەڵگۆزینی ئاوی ژێرزه‌وی دادەنێت و گلدانەوەى باراناو زیاتر دەکات، دەبێتە هۆکارێکیش بۆ مانەوەی گوندنشینان و چۆڵنەبوونى گونده‌كان.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو پۆندانە لەسەر ڕێڕەوە ئاوییەکانى باراناو دروست دەکرێن بە مەبەستی نەهێشتنی زیان و مەترسییەکانی لافاو، هەروەها بوونی سەرچاوەیەکى گرنگی ئاو بۆ کەرتەکانى کشتوکاڵ، گەشتیاری و ئاودێرى.

رۆژی پێنجشەممە 13ـی نیسانی 2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی تاوتوێکردنی کێشەی ئاو و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئاوی بەنداوەکان، سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی عێراق کۆبووەوە. لەوبارەوە، بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەرچاوە سروشتییەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "قەبارەی گلدانەوەی ئاو لە عێراق زۆر کەمبووە. ساڵی 2020 نزیکەی 53 ملیار مەتر سێجای ئاوی گلدراو هەبووە، بەڵام ئێستا رێژەی ئاوی گلدراو لە هەر چوار بەنداوی سەرەکی حەدیسە، مووسڵ، دووکان و دەربەندیخان دەگاتە هەشت ملیار مەتر سێجا، ئەمەش رێژەیەکی یەکجار کەمە بەراورد بە ساڵی 2020."

بە گوتەی ئەو شارەزای بواری وزە و سەرچاوە سروشتییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی 2008 هەستی بەوەکردووە، عێراق و هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا تووشی کێشەی ئاو دەبن و بە پێویستیان زانیوە هەر ئەو کات دەست بە دروستکردنی بەنداو بکرێت، بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەو کێشەیە ببنەوە.

خنسی پێیوایە ئەگەر پۆند و بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان نەبوونایە، کاریگەری ئەو بارانبارینەی چەند مانگێک لەمەوبەر شار و شارۆچکەکانی هەرێمی گرتەوە، زۆر زیاتر دەبوو، "بۆیە بە پێویستی دەزانین گرنگی زیاتر بە دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان بدرێت و رێژەیەکی زیاتر دروستبکرێن."

رۆژی شەممە 1ـی نیسانی 2023، کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەرى گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەری حکومەتی هەرێمی راگەیاند: "رەزامەندی دراوە لەسەر دروستكردنی 37 پۆند لە هەمووی هەرێمی كوردستان بە تێچووی نزیكەی 27 ملیار دینار، جگە لەوەش رەزامەندی دراوە لەسەر 4 پۆندی تر کە لە قۆناغی رەزامەندیی داراییدایە".

روونیکردەوە: "بە گشتی، ساڵی رابردوو رەزامەندیی 41 پۆندمان وەرگرتووە، بەشێكیان ئیشیان تێدا دەكرێت و تا ئاستی 40% ئیشەكانیان جێبەجێ كراوە، هەندێكیان تەندەریان بۆ كراوە و هەندێكیشیان كێشەی زەویوزاری هەیە".

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا روونیکردووتەوە، کابینەی نۆیەم، بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئاوی هەرێمی کوردستان، ئەم کارانەی کردووە؛ ڕەزامەندیی لەسەر دروستکردنی 41 پۆند داوە،  نۆ پۆندی بەشێوەی (ppp) دروست کردووە، تێچووی دروستکردنی پۆندی لە 1.6  ملیار دینارەوە بۆ 0.8 ملیار دینار کەم کردووەتەوە، هەنگاوی بۆ ئەوە ناوە گوندەکان پێکەوە سەرچاوەی ئاوییان هەبێت و ئاوی ژێرزەوی بووژاندووەتەوە، ئەویش بە دروستکردنی پۆند، گەڕاندنەوەی ئاوی سەرزەوی بۆ ژێرزەوی و قەدەغەکردنی لێدانی بیری نایاسایی.


بۆ زانینی نوێترین هەواڵ و زانیاری، سەردانی کەناڵی تێلێگرامی کوردستان24 بکەن: کەناڵی تێلێگرامی کوردستان24