خالید حەیدەر: هەندێک لایەن دەیانەوێت چاوپۆشی لە بەشێک لە مافەکانی هەرێمی کوردستان بکەن

خالید حەیدەر، مامۆستای زانکۆی و پسپۆڕی بواری ئابووری
خالید حەیدەر، مامۆستای زانکۆی و پسپۆڕی بواری ئابووری

K24 - هەولێر:

مامۆستای زانکۆی و پسپۆڕی بواری ئابووری رایگەیاند، دەستکاریکردنی ئەو بڕگە و ماددانەی کە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی رێککەوتنەکەی نێوان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانییە. هەروەها راشیگەیاند بەشێک لە لایەنەکان دەیانەوێت چاوپۆشی بکەن لە بەشێک لە مافەکانی هەرێمی کوردستان.

خالید حەیدەر، مامۆستای زانکۆی و پسپۆڕی بواری ئابووری، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ــی کوردستان24 رایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەنگیان لەسەر چەند ماددەیەکی جێناکۆکی نێوان لایەنەکان لە پرۆژەیاسای بودجەدا و نوێنەرانی بەشێک لە لایەنە کوردیەکان کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشت و بەشێکیش بەردەوامبوون.

هەروەها راشیگەیاند، دەستکاریکردنی ئەو بڕگە و ماددانەی کە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجە، پێچەوانەی رێککەوتنەکەی نێوان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سودانییە.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ روونیکردەوە، ئەو بارودۆخەی کە دەگوزەرێت لە عێراق جێگای متمانە نییە، بۆیە لەم ساڵەوە دەیانەوێت بودجەی سێ ساڵی داهاتوو پەسەندبکەن، چونکە دڵنیان ساڵانە ناتوانن لەسەر بودجە بە ئاسانی بگەنە رێککەوتن.

باسی لەوەشکرد، لە داهاتوودا دابەزینی نرخی نەوت، گرفتی زۆر لەسەر بودجە دروست دەکات، بە تایبەت بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت دابەزێت بۆ نزیکەی 55$ بۆ 60$، ئەم کورهێنانەش دەبێتە کێشە بۆ بودجە.

خالید حەیدەر جەختی لەوەکردەوە، بۆ زیادبوونی نرخی نەوت کێشەمان نییە، بەڵام کە نرخەکەی دابەزی حکومەت ئەو کات ناچار دەبێت پەنا بۆ قەرزکردن ببات.

لەبارەی رێژەی مووچەخۆرانیشەوە خالید حەیدەر گوتی: "زۆری ژمارەی مووچەخۆران بارگرانییەکی زۆر دروست دەکات لەسەر بودجەی عێراق، بە تایبەت کە عێراق نزیکەی هەشت ملیۆن مووچەخۆری هەیە".

ئەو مامۆستایەی زانکۆ، لە درێژەی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوەشکرد، پسپۆران پێشبینی دەکەن لە ساڵی 2029 و 2030 لە بودجەی عێراقدا کورتهێنانی زیاتر رووبدات و داهات بەشی مووچەی مووچەخۆران نەکات.