محه‌ممه‌د ره‌ئووف: یه‌كڕیزی و ده‌ستوور دوو چه‌كی به‌هێزی ده‌ستی كوردن به‌رامبه‌ر بڕیاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی
K24 - هەولێر:
سیاسه‌تمه‌دارێكی كورد ئاماژه به‌وه ده‌كات یه‌كڕیزی كورد و كاركردن له‌سه‌ر ده‌ستووری عێراق، دوو چه‌كی به‌هێزی ده‌ست هه‌رێمی كوردستانن به‌رامبه‌ر به رێگریكردن له بڕیاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی و له‌ناوبردنی خه‌ونی لایه‌نه شیعییه‌كان، كه خه‌ون به دووباره‌بوونه‌وه‌ی ناوه‌ندییه‌تی عێراق و نه‌هێشتنی سیستمی فیدڕاڵییه‌وه ده‌بینن.
محه‌ممه‌د ره‌ئووف، سیاسه‌تمه‌دار تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، ده‌بێت لایه‌نی كوردی له رێگه‌ی كه‌سانی شاره‌زا و پسپۆڕه‌وه، به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر مافه ده‌ستوورییه‌كان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بۆشایی و كه‌لێنێك سه‌باره‌ت به كورد له‌و ده‌ستووره‌دا هه‌بێت، بوار نه‌ده‌ن لایه‌نی به‌رامبه‌ر خراپ به‌كاریبهێنێت و دژی هه‌رێمی كوردستان به گه‌ڕی بخه‌ن.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، له كاتی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووردا هه‌ندیك بۆشایی و كه‌موكوڕی سه‌باره‌ت به كورد و هه‌رێمی كوردستان دروست بووه، كه ره‌نگه ئه‌و كات كورد دركی به‌وه نه‌كردبێت عێراق له داهاتوودا به‌و ئاسته بگات، به خراپی له دژی به‌كاریبهێنێت، یانیش كورد هه‌ر پێی وابووه، كه قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه.
له‌باره‌ی رێككه‌وتنه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق، باسی له‌وه‌كرد، تا بكرێت كورد پێ‌داگر بێت له‌سه‌ر پته‌وی رێككه‌وتنه‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك دیكیۆمێنت بكرێن و كاریگه‌رییان به‌سه‌ر بڕیاره‌كانی حكومه‌تی عێراقییه‌وه هه‌بێت به‌تایبه‌ت ئه‌و بڕیارانه‌ی له دادگای فیدڕاڵی ده‌رده‌چن.
جه‌ختیشی له‌سه‌ر كۆده‌نگی و یه‌كڕیزی ناوخۆیی كورد كرده‌وه و گوتی، نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه به دروستبوونی بۆشایی بدرێت له‌نێوان حزبه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی و ته‌نانه‌ت گۆڕانیش كه له حكومه‌ت به‌شداره، روونیشیكرده‌وه، كورد هێشتا له قۆناغی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییدایه و پێویستی به یه‌كگرتوویی هه‌یه بۆ جێگیركردنی ده‌ستكه‌وته‌كان.
محه‌ممه‌د ره‌ئووف تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه عێراق له رێگه‌ی دادگای فیدڕاڵییه‌وه هه‌نگاو له دوای هه‌نگاو به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌به‌ر، سه‌ره‌تا دژی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دا، له ئێستاشدا بڕیاری دژی په‌رله‌مان ده‌ركردووه، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت بڕیار له‌باره‌ی دۆسیه و بابه‌تی دیكه‌ی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان بدات.
هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه، زۆرینه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی شیعه خه‌ون به ناوه‌ندیه‌تی عێراقه‌وه ده‌بینن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش كاری بۆ ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت كه هه‌ر زوو ده‌یانگوت، ئه‌و ده‌ستووره له كاتێكی ناله‌بار و ناسازدا نووسراوه و پێویست به هه‌مواركردنه‌وه و ده‌ستكاریكردن ده‌كات، گوتیشی، ئه‌وان له ده‌رفه‌ت ده‌گه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ونه‌یان به‌دیبهێنن، بۆ ئه‌و بابه‌ته‌یش ناكۆكی و نایه‌كگرتوویی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان ده‌قۆزنه‌وه، بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ئه‌وه‌ی وه‌ك فیدڕاڵی به هه‌رێم دراوه.
محه‌ممه‌د ره‌ئووف ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو، كه له‌وه‌ته‌ی دوای ساڵی 2003ـوه دادگه‌ی ده‌ستووری بوونی هه‌بووه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی شیعه به‌هۆی ناكۆكی ناوخۆییان لێی بێئاگابوون و كاریان پێی نه‌بووه، به‌ڵكو بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كانی نێوانیان و پێكهێنانی حكومه‌ته‌كانیان به‌رده‌وام له بری په‌نابردنه به‌ر ئه‌و دادگایه روویان له هه‌ولێر و سه‌ركردایه‌تی كوردستان بوو، به‌ڵام كه ئێستا له ناوخۆیاندا تاڕاده‌یه‌ك كۆكن و هاوڕان و خاوه‌نی حكومه‌تن، ئیتر بۆ لێدان له هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سیاسی و ده‌ستووری، په‌نا ده‌به‌نه به‌ر دادگا و بۆ دژایه‌تیكردنی ئه‌و قه‌واره‌یه به‌كاریده‌هێنن.
ناوبراو هۆشداری ئه‌وه‌ی دا، كه لایه‌نه شیعییه‌كان هێشتا هه‌نگاوی دیكه ماوه به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان و ماف و شایسته‌كانی خه‌ڵك و حكومه‌ته‌كه‌ی بیگرنه‌به‌ر، گوتیشی، له بودجه‌ی گشتیدا، هه‌موو بڕگه و مادده‌كانی تایبه‌ت به خۆیان یه‌كلایی كرده‌وه و كێشه‌یان تێدا نه‌هێشت، به‌ڵام پشكی كوردیان خسته دواوه و به‌ده‌سته‌جه‌معی له مافه ده‌ستوورییه‌كانیان دا، كه له پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2023 و ساڵانی 2024 و 2025 ئاماژه‌ی بۆ كرابوو.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا محه‌ممه‌د ره‌ئووف جه‌ختیكرده‌وه، دروستكردنه‌وه و یه‌كخستنه‌وه‌ی ناو ماڵی كورد له‌م شه‌وه‌وه هه‌نگاوی بۆ بنرێت و گوتی "كاك مه‌سعود و و كاك نێچیرڤان و پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌توانن ئه‌و رۆڵه ببینن، به‌ر له‌وه‌ی په‌نا ببرێته به‌ر شیعه و ئه‌وانی دیكه تاوه‌كو ناوخۆی كورد رێكبخه‌نه‌وه".