نێچیرڤان بارزانی: هیواخوازم یادی دامەزراندنی یەکێتی ببێته‌ هانده‌رى ته‌بايى و يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان

K24 - هەولێر

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی یادی دامەزاندنی یەکێتی پیرۆزبایی لە بافڵ تاڵەبانی و ئه‌نجومه‌نى باڵاى سياسى و به‌رژه‌وه‌ندييه‌كان و مه‌كته‌بى سياسى و سه‌ركرايه‌تى و ئەندامانی ئەو حزبە دەکات و هيواى خوازە ئه‌م ياده‌ ببێته‌ هانده‌رى ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى و يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان، به‌تايبه‌تى پارتى و يه‌كێتى.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بڵاویکردەوە "نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانى، سه‌رۆكى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان، بۆ يادى (48) ساڵه‌ى دامه‌زراندنى يه‌كێتى، پيرۆزبايى له‌ به‌ڕێزيان و ئه‌نجومه‌نى باڵاى سياسى و به‌رژه‌وه‌ندييه‌كان و مه‌كته‌بى سياسى و سه‌ركرايه‌تى و ته‌واوى ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌رى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواستن".

ئاماژە بەوەشکراوە: "نێچيرڤان بارزانى هه‌ر به‌م بۆنه‌يه‌وه‌ وێڕاى ئاماژه‌دان به‌ خه‌بات و مێژووى يه‌كێتيى، خوالێخۆشبوو سه‌رۆك مام جه‌لال و پێگه‌ و ڕۆڵى به‌ بير هێنايه‌وه‌ و هيواى خواست ئه‌م ياده‌ ببێته‌ هانده‌رى ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى و يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان، به‌تايبه‌تى پارتى و يه‌كێتى. لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆكى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان، به‌ ناوى خۆى و سه‌ركردايه‌تيى يه‌كێتييه‌وه‌، سوپاس و پێزانينى بۆ پيرۆزبايى و په‌يوه‌نديى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست".