سەربەست ئامێدی: ئه‌سته‌مه‌ ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامبدرێت

سەربەست ئامێدی
سەربەست ئامێدی

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆکی پێشووتری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، تاکە رێگەی دەرچوون لەم قەیرانە هەڵبژاردنە. ده‌شڵێت: مومكین نییه‌ ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامبدرێت.

سەربەست ئامێدی سەرۆکی پێشووتری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەکوردستان24ی راگەیاند، پێشبینی ناکرێت تا مانگی شەشی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.

گوتیشی: "ئه‌سته‌مه‌ ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامبدرێت".

راشیگەیاند، پێویستە لایەنەکان بگەنە ئەو بڕوایەی تاکە رێگەی دەرچوون لەم قەیرانە هەڵبژاردنە.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رۆژی (سێشه‌ممه‌ 30ـی ئایاری 2023) له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاندبوو، درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ساڵی پێنجه‌م به‌ نایاسایی بڕیاری له‌سه‌ردراوه‌ و رایگه‌یاند، هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی دوای ته‌واوبوونی چوار ساڵی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌ركراون، به‌ بڕیاری پووچه‌ڵ هه‌ژمار ده‌كرێن.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شدابوو، به‌گوێره‌ی یاسای ژماره‌ 11ـی ساڵی 1992ـی هه‌مواركراوی ساڵی 2005، له‌ ده‌ستووری عێراق، ته‌مه‌نی هه‌ر خولێكی په‌رله‌مانی كوردستان نابێت له‌ 4 ساڵ زیاتر بێت و له‌ یه‌كه‌م دانیشتنی ساڵی یه‌كه‌می هه‌ر خولێكه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، تا دوایین دانیشتنی ساڵی چواره‌می ته‌مه‌نی، بۆیه‌ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ماوه‌ی ساڵی پێنجه‌م ناده‌ستوورییه‌ و هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ش كه‌ دوای ته‌واوبوونی ته‌مه‌نی یاسادانان لێیه‌وه‌ ده‌ركراون، به‌ پووچه‌ڵكراو داده‌نرێن.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، هه‌رچه‌ند په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاری كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی داوه‌، وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی كوردستان له‌ مانگی 11ی ئه‌مساڵ، به‌ڵام بۆ ئه‌مه‌ش هه‌ندێك لایه‌نی كوردستان هه‌ن، نایانه‌وێت پرۆسه‌كه‌ به‌ڕێوه‌بچێت.

لە کۆبوونەوەی 9/10/2022، پەرلەمانی کوردستان، پێشنیازەیاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی (درێژکردنەوەی تەمەنی) بە زۆرینەی دەنگ پەسندکرا، بەمەش خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ زیاتر لە ساڵێکی دیکە بەردەوام دەبێت. وەک لە پێشنیازەیاساکە هاتووە: خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان – عێراق، تا کۆتایی وەرزی یاسادانانی پاییزەی ساڵی 2023 لەسەرجەم کار و ئەرکەکانی بەردەوام دەبێت.

پێشتر چوار جار دادگای باڵای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر پرسی ده‌ستووریی بوونی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ماوه‌ی ساڵێك، دانیشتنه‌كانی دواخستووە.