بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا بە نهێنی سەردانی چینی کردووە

ویلیام بیرینز، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا
ویلیام بیرینز، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا

K24 - هەولێر: 

بەرپرسێکی ئەمەریکی دووپاتیدەکاتەوە بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا مانگی رابردوو سەردانی چینی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە.

رۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز"ـی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە، ویلیام بیرینز، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا کە هەندێک جار و بۆ هەندێک پرسی هەستیار ئەرکی دیپلۆماسی دەبینێت، مانگی رابردوو سەردانێکی رانەگەیەندراوی بۆ چین ئەنجامداوە و لەگەڵ بەرپرسانی چینی لەبارەی چەند پرس و تەوەرێک گفتوگۆیان کردووە.

سەردانی بیرینز بۆ چین بە یەکەم سەردانی ناوبراو دادەنرێت بۆ ئەو وڵاتە لەوەتەی وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا. هاوکات ئەم سەردانە یەکەمین سەردانی بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکایە بۆ چین لە سەردەمی ئیدارەی جۆو بایدن.

ئەم سەردانە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵ و فشارەکانی واشنتۆن لەپێناو دروستکردنەوەی پەیوەندی لە ئاستێکی بەرزدا لەگەڵ پەکین بە ئامانجی بەدیهێنانی سەقمگیری لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولادا.

سەبارەت بەو زانیارییانەی رۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز" تا ئێستا کۆشکی سپی و ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا هیچ لێدوانێکی فەرمییان نەداوە.