عه‌بدولسه‌لام به‌رواری: كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ناتوانێت سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكات

K24 - هەولێر:
عه‌بدولسه‌لام به‌رواری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، سه‌باره‌ت به ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌شداری به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24ـی كرد، كه له‌لایه‌ن ژینۆ محه‌ممه‌ده‌وه پێشكه‌ش ده‌كرێت و رایگه‌یاند، تاكه رێگه له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌وه‌یه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان داوا له كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بكات، سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌كه بكات له‌و واده‌یه‌ی بۆ ئه‌نجامدانی دیاریكراوه.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی پارتی ئاماژه‌ی به‌وه كرد، پارتی دیموكراتی كوردستان بڕوای به خۆی و جه‌ماوه‌ری خۆی هه‌یه بۆیه بۆ ئاماده‌یی ته‌واوه‌تی هه‌یه بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن. گوتیشی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی هێزی یاسایی هه‌یه و ده‌توانێت فه‌رمان به كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن ده‌ربكات. ناوبراو به دووری زانی سه‌رۆك هه‌رێم ئه‌و فه‌رمانه ده‌ربكات، به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی جگه له پارتی.
گوتیشی، له ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان رانه‌سپێرێت بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ی له به‌رده‌م ده‌بێت داوا له كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان عێراق بكات بۆ دیاریكردنی واده‌یه‌ك بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، كه ئاخۆ له توانیان دایه سه‌رپه‌رشتی پڕۆسه‌كه بكه‌ن یاخود نا له‌و واده‌یه‌ی بۆی دیاریكراوه؟
له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان پارت و هێزه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان، عه‌بدولسه‌لام به‌رواری گوتی، ته‌نها یه‌ك كۆبوونه‌وه ماوه، ئه‌ویش سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان داوا له سه‌ركرده‌ی یه‌كه‌می حزبه‌كان بكات بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه كۆببنه‌وه و راوێژیان پێ بكات له‌باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه، هه‌روه‌ها روونیشكرده‌وه كه ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان داوا له كۆمسیۆنی عێراق بكات سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردن بكات، ئه‌وان بۆچوونیان چییه و هه‌ڵوێستیان چی ده‌بێت.
جه‌ختیشیكرده‌وه ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت، به‌پێی یاسا كۆنه‌كه‌ی ساڵی 1992 ده‌بێت، به‌شێوه‌ی لیستی كراوه و هه‌موو كوردستان ده‌كرێته یه‌ك بازنه. هه‌روه‌ها سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا، كه كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق هه‌ر له دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی رایگه‌یاند، كه ناتوانێت سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكات له‌و واده‌یه‌ی دیاریكراوه.
رۆژی 22ی ئایار فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبێ رەزامەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنەکانی دیکە، درێژەی بە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دا و تێیدا زۆرینەی بەکارھێنا و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستانی کاراکردەوە.
لە کۆبوونەوەی رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2022 پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ 31ی کانوونی یەکەمی 2023 درێژکرایەوە، لەکاتێکدا شەشی تشرینی دووەمی 2022 تەمەنی خولی پێنجەم کۆتایی دەھات.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رۆژی سێشەممە 30ـی ئایاری 2023 لە راگەیەندراوێکدا، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بۆ ساڵی پێنجەم بە نایاسایی هەژمار کرد و تیاییدا ئاماژەی بەوەدابوو: "ھەموو ئەو بڕیارانەی دوای تەواوبوونی چوار ساڵی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراون، بە بڕیاری پوچەڵ ھەژمار دەکرێن".