پەرلەمانی عێراق 12 ماددەی دیکەی لە پرۆژەیاسای بودجە پەسەندکرد

دانیشتنی پەرلەمان
دانیشتنی پەرلەمان

K24 – هەولێر:

دوای پەسەندکردنی ماددەی 14 و وەستانی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ ماوەیەک بەهۆی ناڕازیبوونی فراکسیۆنی پارتی لەسەر ناوەڕۆکی دوو بڕگەی کۆتایی ئەو ماددەیە، جارێکی دیکە بە ئامادەبوونی 212 پەرلەمانتاری دەستی پێکردەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، پرۆسەی دەنگدان بۆ ماددەکانی 25 تا 36 لە پرۆژەیاسای بودجە ئەنجامدرا و بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکران.

هەروەها فراکسیۆنی پارتی گەڕایەوە هۆڵی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق و بەشداری لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان دەکات.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە بەشی یەکەمی دانیشتنەکە کە شەوی (10ـی حوزەیرانی 2023) بە ئامادەبوونی 241 پەرلەمانتار دەستیپێکرد، پەرلەمانی عێراق ماددەی 14ـی پرۆژەیاسای بودجە پەسەندکرد کە تایبەتە بە چۆنیەتی مامەڵەکردن بە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان.

درەنگانی شەوی (8ـی حوزەیرانی 2023) پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 258 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار دەستی بە دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی کرد کە پێشتر دوو خوێندنەوەی بۆ کرابوو،دوای ئەوەی لە رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023) لەلایەن ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراقەوە پەسەندکرا و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد.

لە بەشی یەکەمی دانیشتنەکەدا، ماددەکانی (یەکەم، سێیەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم و هەشتەم) پەسەندکران، هەروەها دەنگدان لەسەر ماددەی دووەم دواخرا و ماددەی چوارەمیش لەناو پرۆژەیاساکە لادرا، دوای ئەوەش دانیشتنەکە بۆ دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی (9ـی حوزەیرانی 2023) بە کراوەیی هەڵگیرا.

رۆژی هەینیش دوای دووجار دواخستن، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ پرۆسەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە درێژەی پێدرا و ماددەکانی (دووەم، نۆیەم، دەیەم، یازدەیەم، دوازدەیەم، سێزدەیەم، هەژدەیەم، نۆزدەیەم، بیستەم، بیست و یەکەم، بیست و سێیەم و بیست و چوارەم) پەسەندکران و دەنگدان لەسەر ماددەکانی (چواردەیەم، پازدەیەم، شازدەیەم و حەڤدەیەم) دواخرا. دواترش سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی بە کراوەیی بۆ ئێوارەی رۆژی شەممە (10ـی حوزەیرانی 2023) بە کراوەیی هەڵگرت.