پەرلەمانی عێراق لە دوو رۆژدا 18 ماددەی بودجەی پەسەندکرد و لە دانیشتنەکانی بەردەوام دەبێت

K24 – هەولێر:
پەرلەمانی عێراق لە پرۆسەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) بەردەوامە و تا ئێستا لە هەردوو دانیشتنی هەردوو رۆژی هەینی و شەممە، 18 ماددەی پەسەندکردووە و دوو ماددەشی لاداوە.
درەنگانی شەوی (8ـی حوزەیرانی 2023) پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 258 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار دەستی بە دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی کرد کە پێشتر دوو خوێندنەوەی بۆ کرابوو،دوای ئەوەی لە رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023) لەلایەن ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراقەوە پەسەندکرا و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد.
لە بەشی یەکەمی دانیشتنەکەدا، ماددەکانی (یەکەم، سێیەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم و هەشتەم) پەسەندکران، هەروەها دەنگدان لەسەر ماددەی دووەم دواخرا و ماددەی چوارەمیش لەناو پرۆژەیاساکە لادرا، دوای ئەوەش دانیشتنەکە بۆ دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی (9ـی حوزەیرانی 2023) بە کراوەیی هەڵگیرا.
رۆژی هەینیش دوای دووجار دواخستن، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ پرۆسەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە درێژەی پێدرا و ماددەکانی (دووەم، نۆیەم، دەیەم، یازدەیەم، دوازدەیەم، سێزدەیەم، هەژدەیەم، نۆزدەیەم، بیستەم، بیست و یەکەم، بیست و سێیەم و بیست و چوارەم) پەسەندکران و دەنگدان لەسەر ماددەکانی (چواردەیەم، پازدەیەم، شازدەیەم و حەڤدەیەم) دواخرا.
دواترش سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی بە کراوەیی بۆ ئێوارەی رۆژی شەممە (10ـی حوزەیرانی 2023) بە کراوەیی هەڵگرت.
لە هەردوو بەشی دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق، 18 ماددەی لە پرۆژەیاسای بودجە پەسەندکرد و ماددەکانی (چوارەم و بیست و دووەم)یش لادران.
لە مادده‌ی یەکەمی پرۆژەیاساکەدا کە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەندکرا، داهاتی بودجه‌ی گشتی ساڵی دارایی 2023 بە بڕی 134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار خەمڵێندراوە.
هاوکات نرخی فرۆشتنی به‌رمیلێك نه‌وت به 70 دۆلار دانراوە و کە كۆی هه‌نارده‌ی رۆژانه‌ی نه‌وتیش سێ ملیۆن و 500 هه‌زار به‌رمیلە بە 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت رۆژانه‌ی هه‌رێمی كوردستانیشەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، به‌های 100 دۆلار بە 130 هەزار دینار جێگیرکراوە.
ماددەی 12 و پشکی هەرێمی کوردستان
سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستانیش لە ماددەی 12ـی پرۆژەیاسای بودجەدا، 12.67 جێگیرکراوە.
هەروەها لە ماددەی 12ـدا هاتووە، "دیاریكردنی پشكی هه‌رێمی كوردستان له كۆی گشتی خه‌رجییه‌كان كه له خشته‌ی (د) هاتووه له‌وانه خه‌رجییه‌كانی حوكمڕانی، به ره‌زامه‌ندی سه‌رۆكوه‌زیرانی فیدراڵ و له‌لایه‌ن وه‌زیری داراییه‌وه ره‌وانه ده‌كرێت"
لەبارەی دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستانیش لەو ماددەیەدا روونکراوەتەوە، لە کۆی خەرجییەکان (خەرجییەکانی ئێستا و خەرجییەکانی پڕۆژەی وەبەرهێنان) دیاری ده‌كرێت، كه له‌هەمان رێژەی داهاتی نەوت و پشکی گەنجینەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان زیاتر نه‌بێت. هەروەها له‌كۆی گشتی خه‌رجییه بازرگانییه‌كان و خه‌رجییه‌كانی پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان، به‌و مه‌رجه‌ی له‌و رێژه‌یه‌ی له داهاتی نه‌وتی و پشكی كۆكراوه‌ی داهاتی خاڵه گومرگییه‌كاندا هه‌یه تێپه‌ڕ نه‌بێت.
ماددەی 13 و داهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ماددەی 13 لە پرۆژەیاسای بودجە کە تایبەتە بە داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە خاڵی یەکەمدا ئاماژە بەوەکراوە، "باجی دارایی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2004 تا 2022 دوای وردبینی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم یەکلایی دەکرێتەوە
هەروەها بەگوێرەی ماددەی 13، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابه‌ند ده‌كرێت کە رۆژانه 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له رێگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆوه هه‌نارده بكات و له‌كاتی نه‌ناردنی نه‌وت له رێگه‌ی به‌نده‌ری جەیهانی توركییەوه یان هه‌ر دەروازەیەکی دیکەی فه‌رمی كه وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵی دیاری ده‌كات، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌نده به راده‌ستكردنی ئه‌و بڕه نه‌وته به حكومه‌تی فیدراڵ و به‌كارهێنانی لە ناوخۆدا.
هەر بەگوێرەی ماددەی 13، وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵی پابه‌نده به قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی تێچووی ده‌رهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی به‌رهه‌مهاتووی راده‌ستكراو به وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵی به هه‌رێمی كوردستان كه هاوته‌ریبی ده‌رهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵی بێت به ژماره‌ی به‌رمیلی راده‌ستكراو.
هاوکات حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند ده‌كرێت به راده‌ستكردنی داهاته نانه‌وتییه‌كان به خه‌زێنه‌ی گشتی ده‌وڵه‌ت، به‌پێی یاسای به‌ڕێوه‌بردنی دارایی فیدراڵ و پرۆسه‌كه به هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی کوردستان دەبێت و وردبینی له ژماره‌كانی په‌یوه‌ست به داهاته‌كان ده‌كه‌ن.
لەبارەی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لە خاڵی (هـ)ی ماددەی 13ـدا، وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ پابه‌ند کراوە به ناردنی مانگانه‌ی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێم، به‌مه‌رجێك هه‌رێم بڕگه‌كانی (ا، ب، ج، د)ـی هەمان مادده جێبه‌جێ بكات. هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان كۆی حیساباتی مانگانه پێشكه‌ش بكات و هه‌ردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵی و هه‌رێمی كوردستان پاکتاوی دارایی ژماره‌كانی تایبه‌ت به داهاته نه‌وتی و نانه‌وتییه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
لە خاڵی (د)ـی هەمان ماددەشدا، سەبارەت بە قەرزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکراوەتەوە، لەلایەن بانکی بازرگانی عێراقەوە لەگەڵ بانکە حکومی و ئەهلییەکان یەکلایی دەکرێتەوه و وەزارەتی دارایی خشتەی بۆ بڕینی قیستی مانگانە لە پشکی هەرێم داناوە، لە ساڵی دارایی 2023ەوە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی حەوت ساڵ ده‌بێت.
مادده‌ی 14 کە زۆرترین مشتومڕی لەسەرە
بەهۆی بوونی رای جیاواز و مشتومڕی نێوان لایەنەکان، دەنگدان لەسەر ماددەی 14 لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە راگیرا، کە تایبەتە بە چۆنیەتی مامەڵەکردن بە داهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە و لە ئێستادا زۆرترین گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
لە بڕگەی یەکەمی ماددەی 14ـی پرۆژەیاسای بودجەدا هاتووە، "گشت داهاتی نه‌وتی فرۆشراوی كێڵگه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی کوردستان له هه‌ژمارێكی بانكیدا كۆده‌كرێنه‌وه و سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان سه‌رپشك ده‌كرێت به خه‌رجكردنی ئه‌و داهاته و له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵه‌وه چاودێری ده‌كرێت و گشت ئه‌و ئه‌ژمارانه‌ی دیكه داده‌خرێن كه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كراونه‌ته‌وه.
لە بڕگەی دووەمیشدا ئاماژە بەوەکراوە، دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی کوردستان به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵی و وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وردبینی له ژمارەکان ده‌كه‌ن و چاودێری ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ش ده‌كرێت كه له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌م بواره واژۆكراون له‌باره‌ی ده‌رهێنان و گواستنه‌وه و هه‌نارده‌ی نه‌وتەوە، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حکومەتی هه‌رێمی کوردستانیش هه‌ڵده‌ستێت به پێداچوونه‌وه‌ی مانگانە و ره‌وانه‌ی فه‌رمانگه‌ی ژمێریاری لە وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵی ده‌کات.
لە بڕگەی سێیەمی ماددەکەشدا، باس لەوەکراوە، ئەو هەژمارە بانکییەی کە لە بڕگەی (یەکەم)ی سەرەوەدا ئاماژەی پێکراوە، لەگەڵ سەرجەم زانیارییەکانی ناوەوە و بەرهەمەکانی لەلایەن کۆمپانیای وردبینی نێودەوڵەتییەوە وردبینی دەکرێت و راپۆرتی خولیی پێشکەش بە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی کوردستان دەکرێت.
لە بڕگەی چوارەمیشدا، بەیاننامەی دارایی ساڵانە و نیوە ساڵانە بە واژۆی وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وردبینیکەری سەربەخۆ (کۆمپانیای نێودەوڵەتی) پێشکەش دەکرێت و کۆپییەکی پەسەندکراوی دەدرێتە وەزارەتی دارایی فیدراڵی.
لە بڕگەی دواتریشدا هاتووە، لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردوولا پێکدەهێندرێت بۆ ئەنجامدانی پێداچوونەوەی هەمەلایەنە بە ماوەی پێشوو لە هەموو شتێک کە پەیوەندی بە کەرتی نەوت و گازەوە هەیە لە هەرێم و پەیوەندی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و هەرێم و هاتنە دەرەوە بە دیدگایەک کە بەپێی دەستوور و قبووڵکراوی هەردوولا بێت و بتوانێت بۆ قۆناغی پێشوو یه‌كلایی بكاته‌وه.
لە بڕگەی شەشەمی ماددەی 14ـشدا ئاماژەی بەوەکراوە، لە چوونە بواری جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە، بڕگەکانی ئەم مادەیە (یه‌كه‌م، دووه‌م، سێیه‌م، چواره‌م، پێنجه‌م) جێبەجێ دەکرێن و تا ده‌رچوونی یاسای نه‌وت و گاز كاری پێده‌كرێت.
لە بڕگەی کۆتایی ماددەی 14ـشدا (بڕگەی حەوتەم) جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، کاتێک هەر جیاوازییەک لە دیدگاکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبێت سەبارەت بە مافەکان، ئەو پابەندبوون و میکانیزمانەی لە بڕگەکانی ئەم یاسایەدا هاتووە، لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان هەردوو لایەن پێکدەهێنن بۆ رەچاوکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە وادەی پێکهێنانییەوە تا سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی بڕیاری گونجاو بدات کە لە ماوەی 30 رۆژدا راسپاردەکانی پێشکەشدەکات.
مادده‌ی 21 و لادانی باجی سەر کاتی مۆبایل
لە ماددەی 21ـی پرۆژەیاسای بودجە یەکێک لە بڕگەکانی بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران لادرا کە تایبەت بوو بە دانانی رێژەی 10%ـی باج لەسەر فرۆشتنی کارتی مۆبایل، ئەمەش دوای بوونی نارەزایەتییەکی زۆری هاووڵاتییان بوو لەسەر ئەو بڕگەیە و بە بارگرانییان لەسەر گوزەرانی ژیانیان وەسف دەکرد.
هەر لەو ماددەیەدا هاتووە، بڕگەکانی باجی فرۆشتن کە لە بڕیارنامەی مه‌جلیس قیاده سه‌وره‌ی هەڵوەشاوەی ژمارە (36)ی ساڵی 1997ـدا هاتووە، جێبەجێ دەکرێن ئەو خزمەتگوزارییەی لە چێشتخانە و هۆتێلەکاندا پێشکەش دەکرێت پله‌به‌ندییان بۆ بكرێت.
لەبارەی رێکخستنی داهاتی باجەکانیش، لەم ماددەیەدا ئەوە روونکراوەتەوە، 1%ـی داهاتی باجەکان بۆ ده‌سته‌ی گشتی باجه‌كان تەرخان دەکرێت، لەگەڵ ته‌رخانكردنی 30%ـی مانگانه‌ی باجه‌كان بۆ هاندانی کارمەندانی ده‌سته‌ی باج بە پشتبەستن بە رێژەی سەدی داهاتە کۆکراوەکان لە لقەکانی باج و ناوەندیی ده‌سته‌كه‌دا هەروەها ته‌رخانكردنی 70%ـی باجه‌كان به مه‌به‌ستی نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ده‌سته‌ی باج.
هەر لە ماددەی 21ـدا، باجی کارکردنی هه‌ر كرێكارێكی بیانی لە عێراق بە بڕی ملیۆنێک و 500 هەزار دینار ساڵانە دیاریکراوە کە لەلایەن فەرمانگەی نشینگەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە وەردەگیرێت.
پرۆژەیاسای بودجە تا پێش پرۆسەی دەنگدان
رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدراڵی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.
درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.
هەروەها بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە درەنگانی شەوی یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دواتر و درەنگانی شەوی دووشەممە کۆتاییهات.
لە (4ـی نیسانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ـی نیسانی 2023) هاوشانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، کە نەخشەرێگای چارەسەربوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی رابردوو لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
رۆژی (25ـی ئایاری 2023)، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو هۆڵی ئەنجوومەندا، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد کە تایبەتن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانیش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و پارتی دیموکراتی کوردستان کە یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، ئەگەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماددەکانی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە کە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە ئەنجامدرابوو، وەک خۆی بمێنێتەوە ئەوا دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە نادەن.
گرنگترین زانیارییەکانی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئامادەکراوە، لێرە بخوێنەوە.