ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ 100 منداڵ لەناو ئەو بەلەمەدا بووبن کە لە کەناراوەکانی یۆنان ژێرئاو كه‌وت

K24 – هەولێر:

ده‌نگۆی ئەوە بڵاوبووه‌ته‌وه‌ كه‌ نزیکەی 100 منداڵ لە ناو ئەو بەلەمی ماسیگره‌دا بوون، کە کۆچبەری نایاسایی هەڵگرتبوو و لە کەناراوەنەکانی نیمچەدوورگەی مۆرا، لە یۆنان ژێرئاو كه‌وت.

رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیی منداڵپارێز له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگەیاندووە، کە شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن پێدەچێت نزیکەی 100 منداڵ لەناو ئەو بەلەمەدا گیریان خوارد بێت، کە لە کەناراوەکانی یۆنان ژێرئاو كه‌وت.

هەروەها بەپێی ئەو هەواڵەی کە لە میدیاکانی یۆناندا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، یەکێک لە رزگاربووانی رووداوەکە رایگەیاندووه‌ نزیکەی 100 منداڵ لە ناو بەلەمەکەدا بوون.

سەرۆکی هاوپەیمانی چەپی رادیکاڵی یۆنان، ئەلێکسیس سیپراس کە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی رووداوەکە چووە شاری کالامتا رایگەیاند، سیاسەتەکانی یەکێتیی ئەوروپا سەبارەت بە کۆچبەران هۆکاری روودانی ئەم کارەساتەیە و ئەم سیاسەتە پێویستیی بە گۆڕانکاری هەیە و گوتی: "پاراستنی ژیانی مرۆڤ گرنگترە لە پاراستنی سنوورەکان".

پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاندووه‌، کە 47 لەو پەنابەرانەی كه‌ له‌نێو ئه‌و به‌له‌مه‌دا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، سوورین، 43 کەسیان میسرین، 12 کەسیشیان پاکستانین و دووانیشیان فەڵەستینین.

بەپێی زانییارییەکانی رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیی (Alarm Phone)، نزیکەی 700 کەس لە بەلەمەکەدا بوون کە هەوڵیان دەدا لە ناوچەی تۆبرۆک رۆژهەڵاتی لیبیاوه‌ بەرەو ئیتاڵیا کۆچ بکەن.

هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردن بەردەوامن.

دوای رووداوەکە لە یۆنان بڕیار درا سێ رۆژ "ماتەمینیی نیشتمانی" رابگەیەنرێت.

رۆژی چوارشەممە (14ــی حوزەیرانی 2023)، بەپێی دوایین ئاماری پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان کە بڵاویکردووەتەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە نیمچە دورگەی پێلۆپۆنیز لە باشووری رۆژئاوای یۆنان نوقم بووە و 79 کەس گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کۆچبەری یۆنان، بەلەمەکە کە سەدان کۆچبەری هەڵگرتبوو، بە دووری 47 میل دەریایی لە کەناراوەکانی یۆنان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا وەرگەڕاوە، هەروەها 104 کەسیش رزگارکراون، کە چوار کەسیان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە لە شارۆچکەی کەلاماتای ​​باشووری پیلۆپۆنێس.