کۆشکی سپی پێشوازی لە بەشداری نێچیرڤان بارزانی لە گفتوگۆکانی نێوان قەتەر و عێراق دەکات

K24 - واشنتن

رۆژی هەینی 16/06/2023، لە بەیاننامەیەکدا ئادەم هاج، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی، رایگەیاند، ئەمەریکا پێشوازی لە سەردانەکەی میری قەتەر بۆ بەغدا دەکات. هەروەها هەمان سەرچاوە پشتیوانی بۆ عێراقێکی سەربەخۆو خاوەن سەروەری دەربڕیوەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی، بۆ پەرەدان بە هەماهەنگی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان، واشنتن پێشوازی لە بەشداریی و دانوستانەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات.

گوتەبێژەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە بەیاننامەکەی رۆژی هەینی دا ئاماژەی کردوە کە پرۆژەی بەستنەوەی تۆری کارەبای عێراق و ئۆردن بە هاوکاری و رێگاخۆشکردنی ئەمەریکا  دەستەبەر بوەو لەمبارەوە نووسیویەتی: ''ئەمەریکا پشتیوانی لە پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان عێراق و وڵاتانی کەنداو و عەرەبی دەکات.

هەروەها لەو چوارچێوەدا ئەمەریکا پشتیوانی لە هەنگاوەکانی بەغدا بۆ دەستەبەر بوونی سەربەخۆیی وزەو بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق بە کەنداو و ئوردن دەکات و ئەم پرۆسەش بە دەستکەوتێکی سەردانەکەی ساڵی رابردووی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەزانێت. گرێبەستی پڕۆژەکە لە سەرەتای ئەمساڵ لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی، کۆمپانیاکانی ئەمەریکا و قەتەر واژۆکراوە لە بواری گازدا پێویستی عێراقییەکان دابین و بەهەدەردانی گاز کەمدەکاتەوە.

رۆژی پێنجشەممە 15/6/2023، تەمیم بن حەمەد، میری قەتەر سەردانی بەغدای کرد، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاورێ لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشوازیان لێکردو لەگەڵیدا کۆبوونەوەو لەو دیدارەدا باس لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ قەتەر کرا.