ئامادەسازی بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت و غازی فیدراڵی دەکرێت

کێڵگەیەکی نەوتی لە عێراق - ئەرشیف
کێڵگەیەکی نەوتی لە عێراق - ئەرشیف

K24 – هەولێر:

ليژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق جەخت لەسەر ئامادەسازی بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت و غازی فیدراڵی دەکاتەوە و ئەندامێکی لیژنەکەش رایدەگەیەنێت، دەستوەردانی سیاسی هەیە بۆ دروستکردنی کۆسپ لەبەردەم پەسەندکردنی یاساکە.

بەگوێرەی کارنامەی کابینەکەی سوودانی دەبوایە لەماوەی شەش مانگ دوای دەستبەکاربوونی کابینەکە، کارکردن لەسەر یاسای نەوت  و غازی فیدراڵی تەواوبووایە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئەوە نەکراوە، بەڵام لیژنەیەک لە پسپۆڕانی یاسا، نەوت و غاز و دارایی پێکهێندراوە و هەنگاوێکی باشیان بڕییوە لە نووسینی رەشنووسی یاساکە.

لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق ئامادەسازی دەکات

زەینەب جومعە موسەوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پەسەندکردنی یاسای بودجە بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) رێگەی خۆشکرد بۆ پەسەندکردنی ئەو یاسایانەی لە خولەکانی پێشووی پەرلەمان تاوەکو ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، لەوانەش یاسای نەوت و غازی فیدراڵی.

لەبارەی گرنگی ئەو یاسایە، ئەو  ئەندامەی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، یاسای نەوت و غاز نەخشەی نەوتی لە عێراق دەکێشێتەوە و چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغداش دەکات سەبارەت بە پرسی نەوت و غاز و گرێنتی پاراستنی مافەکانی هەردوولاش دەکات.

موسەوی ئاشکرایکردووە، لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست بە زەمینەسازی دەکات بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت غاز، باسی لەوەشکرد، دەستوەردانی سیاسی هەیە بۆ دروستکردنی کۆسپ لە بەردەم پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز لەناو پەرلەمانی عێراق و هەندێک لایەنی سیاسییش نایانەوێت کێشە ئابوورییەکانی عێراق چارەسەربن.

پشکی هەرێم لە بودجە و هەناردەکردنی نەوت

هەرچەندە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا دەستیپێنەکردووەتەوە و یاسای بودجەش پەسەندکراوە، ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پشکی هەرێمی کوردستان گرێنتی کراوە.

رۆژی (16ـی حوزەیرانی 2023)، سەباح سوبحی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌وت و غاز له‌ په‌رله‌مانی عێراق بە کوردستان24 راگەیاند، لە یاسای بودجەدا گرەنتی ئەوە کراوە کە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێت یاخود نەکرێت، پشکی هەرێمی کوردستان لە یاساکەدا جێگیرە و دەبێت حکومەتی عێراق پێوەی پابەند بێت.

بەرەبەیانی رۆژی (12ـی حوزەیرانی 2023)، لە دانیشتنی چوارەمیدا تایبەت بە دەنگدان لەسەر بودجە، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ یاسای بودجە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسەندکرد و دوای سڕینەوەی چوار ماددە و زیادکردنی چەند ماددەیەک.

دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان 

دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە (25ـی ئاداری 2023)، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان راگیرا، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی دواتر شاندێکی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە و گەیشتن بە رێککەوتن، سەردانیان بەغدایان کرد.

هەروەها رۆژی (سێشەممە 4ی نیسانی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی هەردوولا لە رێوڕەسمێکدا رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە واژووکرا.

دوای چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانیش لەنێوان تیمەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیای سۆمۆ بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی نووسراوی ئاراستەی تورکیا کردووە بەڵام تاوەکو ئێستا چاوەڕێی وەڵامی لایەنی تورکیان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە.

هەروەها رۆژی پێنجشەممە (15ـی حوزەیرانی 2023) عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەفتەی داهاتوو شاندێکی وەزارەتەکەیان بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیا دەکەن. ، شاندەکە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەچنە تورکیا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ئەو شاندەی دەچنە تورکیا شاندێکی تەکنیکییە و گفتوگۆی یەکلاکەرەوە ئەنجام دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی تورکیا لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی رابردوو، چاوەڕێ دەکرێت گفتوگۆکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، بچێتە قۆناغێکی دیکەوە و بەغدا و ئەنقەرە بگەنە رێککەوتنی کۆتایی کە پێشتریش حکومەتی تورکیا هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی بۆ کێشەی تەکنیکی و پێویستی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت بە پشکنین و سەرقاڵییان بە هەڵبژاردنەکان گەڕاندبووەوە.

کارنامەی کابینەی سوودانی

کارنامەی کابینەکەی سوودانی کە لە (24ـی تشرینی یەکەمی 2022) لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندکرا لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێکهێنانی حکومەت، جەخت لەسەر دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان کە ئەمەش بووە بنەمای سەرەکی بۆ رێککەوتنی (4ـی نیسانی 2023) لەنێوان هەولێر و بەغدا.

ئەوەی تایبەت بێت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، لە كارنامه‌ی حكومه‌تی ئێستای عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، جەخت لەسەر دانوستاندن لەسەر دۆسیەی نەوت و غاز کراوەتەوە تا ئەوکاتەی یاسای نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور پەسەند دەکرێت.

هاوکات ئاماژە بە پێکهێنانی لیژنەیەک له‌ پسپۆڕانی هەردوو بواری دارایی و نه‌وت کراوەتەوە بۆ داڕشتنەوەی یاساکە بۆ گەیشتن بە دەقی هاوبەش ئەمەش بە هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان حكومه‌تی فیدراڵی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئەنجامدەدرێت.

هەرچەندە لە کارنامەکەدا ماوەی شەش مانگ دانراوە بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی نوێی یاسای نەوت و غاز و رەوانەکردنی بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردن، بەڵام تاوەکو ئێستا پرۆژەیاسای نەوت و غاز نەگەیشتووەتە پەرلەمانی عێراق.

رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا

دوای بەردەوامی هەوڵ و گفتوگۆکان لەنێوان هەردوولا و یەکەم سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا لە (11ـی کانوونی دووەمی 2023) دوای دەستبەکاربوونی کابینەکەی سوودانی، دوای ئەوەش لە (14ـی ئاداری 2023)ـش محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەولێری کرد، کە ئەمانەش بەشێک بوون لە هەوڵەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.

دواتر لە (4ـی نیسانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ـی نیسانی 2023) هاوشانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، کە نەخشەرێگای چارەسەربوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی رابردوو لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەش، نەوتی هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت و داهاتەکەشی لە هەژمارێکی بانکی تایبەت دادەنرێت کە دەسەڵاتی خەرجکردنی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەبێت یان ئەو کەسەی لەلایەن ئەوەوە رادەسپێردرێت.

گرنگترین خاڵەکانی یاسای نەوت و غازی فیدراڵی

خاوەندرایەتی سەرچاوە نەوتییەکان و دۆسیەی بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان، لە خاڵە سەرەکییەکانی یاسای نەوت و غازی فیدراڵین و کە زۆرترین گفتوگۆشی لەبارەوە کراوە لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.

هاوکات بە چوونە بواری جێبەجێکردنی ئەو یاسایەش، کاریگەری لەسەر سەرجەم چالاکییە نەوتییەکان لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت، بەهۆی ئەوەی هەموو چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە گەڕان، گەشەپێدان، بەرهەمهێنان، جیاکردنەوەی پێکهاتەکان و پرۆسەی کۆکردنەوە، هەڵگرتن، گواستنەوە و فرۆشتنی نەوت بەگوێرەی ناوەڕۆکی ئەو یاسایە جێبەجێ دەکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، لەو یاسایەدا رەچاوی سەرجەم رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت، هەروەها هەموو ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە دوو قۆڵی یان زیاتر ئەنجامیداوە، رەچاو دەکرێت، دوای پەسەندکردنیان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە.

ئەوەی هەرێمی کوردستانیش جەختی لەسەر دەکاتەوە لەو یاسایەدا، داڕشتنەوەیەتی لەسەر بنەمای دەستوور و مافە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان کە رێگە دەدات بە مامەڵکردن و سەرپەرشتیکردنی دۆسیەی نەوت و غاز هەروەکو ئەوەی لە یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستاندا هاتووە.

یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان

لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا بەڕێوەبردن و هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستان جێگەی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا بووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی بە مافی خۆی زانیوە و لەبەرامبەریشدا حکومەتی فیدراڵ پێیوابووە، ئەو کارە لەدەسەڵاتی ئەودایە، هەربۆیە نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک و چارەسەری ناکۆکییەکان بە رێککەوتنی سیاسی لە کابینە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دواخراون، بەڵام لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم پرسە یەکلاکرایەوە و هەولێر و بەغدا گەیشتنە رێککەوتن.

لە 9ـی ئابی 2007ـدا، یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007: "یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند کرا، لەنێوان ساڵانی 2006 بۆ 2013 بڕی 57 گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش لەنێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتدا واژوو کرا.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسی دەستووریبوونی بەڕێوەبردنی ئەو سێكتەرە پشتی بە مادەکانی 111، 112، 115 و 121ـی دەستوور بەستووە کە مافی بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت دەدات بە هەرێمی کوردستان.

لە 2ـی کانوونی یەکەمی 2013ـدا، لە پەراوێزی سێیەمین کۆنفڕانسی نەوت و غازدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەناردەکردنی نەوتی بۆ دەرەوەی وڵات راگەیاند و جەختی لە دەستووریبوونی گرێبەستەکان و بەرهەمهێنان کردەوە.

ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە پرسی نەوت بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە و چەندین جار گەیشتوون بە رێککەوتن، بەڵام هیچ کات رێککەوتنەکان وەک خۆی جێبەجێنەکراون.

لەدوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، حکومەت هەنگاوی بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان نا، ئەمەش لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا بە تەواوی رەنگیدایەوە، کاتێک مەسرور بارزانی لە گوتاری دەستبەکاربوونیدا جەختی لەسەر چارەسەر کردنی کێشەکان بەگوێرەی دەستوور لەگەڵ بەغدا کردەوە.