کوردستان24 دەقی کۆتایی یاسای بودجەی گشتی عێراق بڵاودەکاتەوە

دیناری عێراقی - فۆتۆ: رێباز سیان
دیناری عێراقی - فۆتۆ: رێباز سیان

K24 – هەولێر:

دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی (16ـی حوزەیرانی 2023) بە فەرمی رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار کرا بە مەبەستی پەسەندکردن.

یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) لە 78 ماددە پێکهاتووە و کۆی گشتی بودجەکەش بە 198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار بۆ ساڵی دارایی 2023 خەمڵێندراوە، کە داهاتی گشتی عێراقیش بۆ ئەو ساڵە بە 134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار داندراوە، بەمپێیەش 64 ترلیۆن و 357 ملیار و 424 ملیۆن و 527 هەزار دینار کورتهێنان لە بودجەدا هەیە.

لە یاساکەدا، زۆرترین داهاتی بودجەی گشتی عێراق پشتی بە هەناردەکردنی نەوت بەستووە کە لە رۆژێکدا دەبێت سێ ملیۆن 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بکات بە 400 هەزار بەرمیلەکەی هەرێمی کوردستانیشەوە، کە نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە. هەروەها بەهای 100 دۆلاریش بە 130 هەزار دینار جێگیرکراوە.

بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بودجەدا هەیە، حکومەتی عێراق پشت بە قەرز و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت، هەروەها ئەگەر نرخی نەوتیش بە زیاتر فرۆشرا، ئەوا رێژەی 70%ـی بڕی داهاتەکە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان تەرخاندەکرێت.

لەبارەی ئەو پرۆژانەی بە پاڵپشتی یاخود قەرزی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت، پشکی هەرێمی کوردستانیش تەرخاندەکرێت، لەوانەش پرۆژەکانی وەزارەکانی ئاوەدانکردنەوە و شارەوانییەکان و نیشتەجێکردن کە لەلایەن ئاژانسی ژاپۆنی بۆ هەماهەنگی نێودەوڵەتی (جایکا)ـەوە پارەداردەکرێت، بڕی 46 ملیۆن دۆلار بۆ پرۆژەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان دابینکراوە، لەگەڵ دوو ملیۆن دۆلار لە قەرزی بانکی نێودەوڵەتی بۆ پرۆژەکانی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەوەی تایبەت بێت بە داهات و پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی گشتی، لە ماددەکانی 11، 12 و 13 ئاماژەی پێکراوە و جەخت لەسەر هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیی کراوەتەوە، ئەگەر هەناردەش نەکرا بە هەر هۆکارێک ئەوا، لەناوخۆ ئەو بڕە نەوتە بەکاردەهێندرێت.

هاوکات دوو هەژماری بانکی دەکرێتەوە، یەکێکیان بۆ داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە بانکی ناوەندی، هەروەها هەژمارێکی دیکەی بانکی بۆ شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە لە بانکێک کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە پاڵپشتکرابێت و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان یان کەسێک لەلایەن ئەوەوە راسپیدرابێت، دەسەڵاتی خەرجکردنی دەبێت و لەلایەن دیوانەکانی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان چاودێری هەردوو هەژمارە بانکییەکە دەکرێت.

دەقی یاسای بودجە لێرە بخوێنەوە.

بەرەبەیانی رۆژی (12ـی حوزەیرانی 2023)، لە دانیشتنی چوارەمیدا تایبەت بە دەنگدان لەسەر بودجە، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ یاسای بودجە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسەندکرد و دوای سڕینەوەی چوار ماددە و زیادکردنی چەند ماددەیەک.

درەنگانی شەوی (8ـی حوزەیرانی 2023) پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 258 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار دەستی بە دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی کرد کە پێشتر دوو خوێندنەوەی بۆ کرابوو، دوای ئەوەی لە رۆژی (13ـی ئاداری 2023) لەلایەن ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراقەوە پەسەندکرا و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد.

رۆژی هەینیش (9ـی حوزەیرانی 2023)، دوای دووجار دواخستن، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ پرۆسەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە درێژەی پێدرا و ماددەکانی (دووەم، نۆیەم، دەیەم، یازدەیەم، دوازدەیەم، سێزدەیەم، هەژدەیەم، نۆزدەیەم، بیستەم، بیست و یەکەم، بیست و سێیەم و بیست و چوارەم) پەسەندکران و دەنگدان لەسەر ماددەکانی (چواردەیەم، پازدەیەم، شازدەیەم و حەڤدەیەم) دواخرا.

لە دانیشتنی شەوی (10ـی حوزەیرانی 2023)، بە ئامادەبوونی 241 پەرلەمانتار، پەرلەمانی عێراق درێژەیدا بە دانیشتنەکانی بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، دوای پەسەندکردنی ماددەی 14، ماددەکانی 25 تا 41 بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکرد.

رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدراڵی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

هەروەها بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە درەنگانی شەوی یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دواتر و درەنگانی شەوی دووشەممە کۆتاییهات.

لە (4ـی نیسانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ـی نیسانی 2023) هاوشانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، کە نەخشەرێگای چارەسەربوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی رابردوو لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.