ئاگربەستێکی 72 کاتژمێری لەسوودان راگەیەندرا

سوودان
سوودان

K24 - هەولێر

سعوودیە و ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، هەردوو لایەنی شەڕکەری سوودان گەیشتوونەتە ئاگربەستێکی 72 کاتژمێری، کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە یەکشەممەوە دەستپێکردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ریاز و واشنتن "رێککەوتنی نوێنەرانی سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ راگرتنی شەڕ لە هەموو ناوچەکانی سوودان بۆ ماوەی 72 کاتژمێر رادەگەیەنن، کە لە 18ی حوزەیران دەستپێدەکات تاوەکو 21ی مانگ.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێکانی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، کە لە 15ی نیسانەوە دەستیپێکردووە، چەندین ئاگربەست راگەیەندراوە، زۆربەی ئاگربەستەکان لەلایەن سعوودیەوە ئەمەریکا پاڵپشتی کراون، بەڵام بە تەواوی پابەندی ئاگربەستەکان نەبوون.

دوایین ئاگربەست لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا بۆ ماوەی 24 کاتژمێر راگەیەندرا، کە هەردوولا تا رادەیەکی زۆر پابەندبوون پێیەوە، بەڵام خەڵکی خەرتوم بەیانیەکەی بەدەنگی تەقە بەئاگا هاتنەوە.

ئاماژە بەوە شکراوە، کە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لە ماوەی ئاگربەستەکەدا، "خۆیان لە جموجۆڵ و هێرش و بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بۆردومان بەدوور بگرن".

لە ئاگربەستەکەدا، رێگە بە ئازادی هاتوچۆ و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی لە سەرتاسەری سوودان دەدەن.

دووشەممەی داهاتوو کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە ژنێف بۆ پشتیوانی لە وەڵامدانەوەی مرۆیی بۆ سوودان، بەهاوبەشی سعوودیە و قەتەر و میسر و ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا چەند ئاژانسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەچێت.