هەژارەکانی ئەرجەنتین لەسەر سەبەتەی زبڵ و خاشاک دەژین

هەژارەکان لەکاتی کۆکردنەوەی خۆراک
هەژارەکان لەکاتی کۆکردنەوەی خۆراک

K24 – هەولێر

لیمپیا و گلادیس، ئەو سەوزە و میوانە جیا دەکەنەوە کە فڕێ دەدرێنە ناو سەبەتەی زبڵ و خاشاکەکانی مارکێتەکانی بوینس ئایرێس.

ماوەی دوو ساڵە دوو دراوسێ هەفتانە نزیکەی 20 کیلۆمەتر بە شەمەندەفەر و پاس لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری بوینس ئایرێسەوە بە مەبەستی گەیشتن بەو بازاڕە کە گەورەترین بازاڕە لە وڵاتەکەدا دەبڕن، هەر جارێک، بە بڕێکی زۆر خۆراکەوە دێنەوە کە فڕێ دراوە.

لیمپیا بێنیتیس، ژنی ماڵەوەی تەمەن 59 ساڵ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە "پێشتر دوو تەماتەم بە 500 پێسۆ (نزیکەی 1.80 یۆرۆ) دەکڕی، لێرەش دوو سێ کیلۆ بەخۆڕایی دەستدەکەوێت، کە بەشی هەفتەیەک یان دوو هەفتەیە" هەروەها مێوەی زۆرێک لە زبڵدانەکان کۆدەکەمەوە، کە تەماتەکان کەم زیانیان پێگەیشتووە و پرتەقاڵەکانیش کەمێک پیس بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "من وەک زبڵ و خاشاک نایبینم، سوپاسی خودا دەکەم کە دەستم کەوتووە، هاوسەرەکەم کاردەکات، بەڵام ئەوە بەس نییە".

ئەو دوو ژنە هەفتانە بە 20 کیلۆ سەوزە و میوەوە دەڕۆن، تاوەکو لەگەڵ خێزانەکانیان بیخۆن و هەندێکیش دەدەن بە دراوسێکان، هەندێکیشیان دەدەنە مریشک و کەروێشکەکانیان.

لە بەرامبەردا گلادیس مێسا، ژنێکی ماڵەوەی تەمەن 41 ساڵ، دەڵێت "ئەو کۆکردنەوەیە سەلاجەکەم پڕدەکات، ئەوە زیاترە لەوەی کە دەتوانین لە فرۆشگاکاندا بیکڕین".

دەشڵێت، "کەسانێک هەن هەمیشە سەوزە و میوەکان لە سەبەتەی زبڵدانەکان جیادەکەنەوە، چونکە لەسەری دەژین".

جەختیان لەوەکردەوە، ئەم سەوزە و میوانە بۆ تەواوی هەفتەکە دابین دەکەن، سەبارەت بە بەرهەمەکانی تریش، وەک ئارد و شیر و برنج، لە نزیکترین چێشتخانەکانەوە وەریدەگرن کە حکومەت وەکو پاڵپشتی بۆیان دابین دەکات، هەروەها بە مووچەی هاوسەرەکانشیان گۆشت دەکڕن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئەرجەنتین بەرزترین رێژەی هەڵاوسانیان هەیە لە جیهاندا، خۆراکیش یەکێکە لەو کاڵایانەی کە زۆرترین زیادبوونی بەخۆیەوە. هەروەها نزیکەی لەسەدا 40ی دانیشتووان بەدەست هەژاریەوە دەناڵێنن.