كاتی به‌ڕێوه‌چوونی یه‌كه‌مین یاریی مێسی له‌گه‌ڵ یانه‌ نوێیه‌كه‌ی دیاریكرا

دیڤید بێكهام خاوه‌نی یانه‌ی ئینته‌ر میامی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ لیۆنێل مێسی یاریزانی نوێی ئینته‌ر میامی
دیڤید بێكهام خاوه‌نی یانه‌ی ئینته‌ر میامی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ لیۆنێل مێسی یاریزانی نوێی ئینته‌ر میامی

خۆرخی ماس بەڕێوەبەری یانەی ئینتەر میامی ئەمریکی ئاشكرای كرد بڕیارە لە رۆژی 21ـی مانگی داهاتوو لیۆنێل مێسی یه‌كه‌مین یاریی له‌گه‌ڵ یانه‌ نوێیه‌كه‌ی بكات، لەو یارییه‌دا ئینتەر میامی لە یاریگای "دریڤ پینك" لە شاری فۆرت لۆدەردەیل لە ویلایەتی فلۆریدا ڕووبەڕووی هاوتا مەکسیکییەکەی کروز ئازول دەبێتەوە.

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی میامی هیرالد، لیۆنێل مێسی هێشتا لە پرۆسەی کۆتاییهێنانه‌ به‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئینته‌ر میامی و هێشتا به‌ فه‌رمی واژۆی له‌سه‌ر گرێبه‌سته‌كه‌ نه‌كردووه‌.

خۆرخی ماس لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، مه‌راسیمی ناساندنی "لیۆنێل مێسی " ده‌بێته‌ ساتێكی مێژوویی گه‌وره‌ له‌ تۆپی پێی ئه‌مریكا، ده‌شڵێت: "پێموایە له‌مه‌ودوا كاتێك باسی خولی ئه‌مریكا ده‌كرێت، ده‌بێت باسی سه‌رده‌می پێش مێسی و دوای مێسی بكرێت ئینجا قسه‌ له‌سه‌ر خولی ئه‌مریكا بكرێت، له‌وبڕوایه‌دام خولی ئه‌مریكا ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین خوله‌كانی جیهان.

خۆرخی ماس گوتیشی: هەبوونی گەورەترین یاریزانی جیهان لێرە گرنگە بۆ سیستەمی تۆپی پێ ئەمریکا، لیۆنێل مێسی دێتە ئەم وڵاتە بۆ بردنەوەی جامەکان و گۆڕانکاریی دروستکردن، پێموایە زۆر گرنگە بۆ ئینته‌ر میامی و سه‌رجه‌م یانه‌كانی دیكه‌ش.

به‌ڕێوه‌به‌ری یانەی ئینتەر میامی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد له‌مه‌ودوا ئاسایش بۆ پاراستنی بەهێزتر دەکرێت، یاریزانەکان بە پاس دەگوازرێنەوە، لە ڕێگەی تونێلێکەوە، هەموو ئەم پرۆتۆکۆڵانه‌ی له‌گه‌ڵ پۆلیس كراوه‌ لە ئێستاوە ئاماده‌كاری ده‌كرێت.

ئەستێرە ئارجێنتیناییه‌كه‌ هێشتا پێی نه‌خستووه‌ته‌ نێو میامی دانەناوە، كه‌چی به‌لێشاو فۆڵۆوەرەکانی یانه‌كه‌ له‌ سۆشیال میدیا زیاد ده‌بێت و هه‌مووان به‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی بینینی ئه‌و یاریزانه‌ن به‌ درێسی ئینته‌ر میامی.

لەلایەکی دیکەوە نرخی بلیتەکان لە سەرانسەری خولەکەدا بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا هاندەران بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی یەکەم سەردانی مێسی دەکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ یانە نوێیەکەی بەرامبەر تیپەکانیان یاری بکات.

لە چەند خولەکێکدا دوای ئەوەی بڵاوکرایەوە کە لیۆنێل مێسی لە پاریس سانجێرمانەوە ڕووی لە ئەمریکا کردووە، نرخی بلیتی یارییەکانی ئینتەرمیامی زیاتر لە 1000% بەرزبووەتەوە.

بەپێی پێگەی "TickPick" نرخی هەرزانترین بلیت بۆ یارییەکەی یانەکەی ئینتەر میامی بەرامبەر کروز ئازول لە 21ـی تەمموزدا تەنها 29 دۆلار بووە، بەڵام لە ماوەی 24 کاتژمێردا دوای دەرکەوتنی هەواڵی گواستنەوەی مێسی، نرخی هەرزانترین بلیتەکەی دەستکەوتووە بوو بە 329 دۆلار.