جێگری پارێزگاری هەڵەبجە: ئەگەر هەیە پێش جەژن مەرزی تەوێڵە بەفەرمی بکرێتەوە

K24 - هەولێر

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، هەنگاوەکانی کردنەوەی مەرزی تەوێڵە بەڕووی گەشتیاران بەرەو کۆتایی دەڕوات و ئەگەر هەیە پێش جەژن بە فەرمی بکرێتەوە.

 ئەمڕۆ هەینی 23ـی حوزەیرانی 2023، کاوە شێخ علی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "هەنگاوەکانی کردنەوەی مەرزی تەوێڵە بەڕووی گەشتیاران بەرەو کۆتایی دەڕوات". 

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە راگەیەندراوەکەیدا دەشڵێت، چەندین ساڵە هەوڵەکان بۆ کردنەوەی مەرزەکە بەردەوامن و "ئینشائەڵڵا پێش جەژن یەکەم هاتوچۆی فەرمی گەشتیاران دەست پێدەکات". 

لە راگەیەندراوەکەیدا جێگری پارێزگاری هەڵەبجە وێنەی نووسراوێکی داناوە، کە وەکو خۆی دەڵێت، نووسراوەکە رۆژی 10-08-2019 دەرچووە  کە "ڕەزامەندی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران وەرگیرا بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان لە مەرزی تەوێڵە و پشتە و کێلێ.. هتد". 

 

دەقی نووسراوەکەی جێگری پارێزگاری هەڵەنجە بڵاویکردووەتەوە
دەقی ئەو نووسراوەی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بڵاویکردووەتەوە

 

رۆژی چوارشەممە 31ـی ئایاری 2023، شاندێکی هەرێمی کوردستان کە لە پارێزگارەکانی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی ژووری بازرگانیی پارێزگاکان و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان پێکهاتبوو، سەردانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیان کرد، لەو کۆبوونەوانە لەبارەی کردنەوەی دەروازەی سنووری، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەندیدار گفتوگۆ کرا.