فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر بۆ پوتن: دوورتدەخەینەوە و سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرین

فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر (راست) و سەرۆکی رووسیا
فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر (راست) و سەرۆکی رووسیا

K24 - هەولێر

فەرماندەی گروپی ڤاگنەر دەڵێت، "بەمزووانە سەرۆكێکی نوێ بۆ رووسیا" هەڵدەبژێرن و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ئێستای ئەو وڵاتە لە کارەکەی دووردەخەنەوە.

دوای ئەوەی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە گوتارێکدا لە کۆشکی سەرۆکایەتی رایگەیاند، گرووپی ڤاگنەر خیانەتی لە گەلی رووسیا کردووە و پێویستە بە تووندترین شێوە سزا بدرێن. فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی گوتارەکەی پوتنی دایەوە و رایگەیاند، "ئەو رێگەیەی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا گرتوویەتییەبەر هەڵەیە."

لە راگەیەندراوەکەیدا فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر ئاماژەی بەوەش کردووە، بەم زووانە پوتن لە کارەکەی دووردەخەنەوە و سەرۆکێکی نوێ بۆ رووسیا هەڵدەبژێرن.

لە راگەیەندراوەکەیدا فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر گوتارەکەی پوتنی بە "بێ ئومێد" ناوبردووە و دەڵێت، پوتن بەموزوانە ناچار دەبێت دەست لە پۆستەکەی بکێشێتەوە، بەهۆی ئەو رێگە هەڵەیەی گرتوویەتییەبەر.

ئەمڕۆ شەممە 24ـی حوزەیرانی 2023، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە گوتارێکدا کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی "کرملن" پێشکەشی کرد، وەڵامی هەڕەشەکانی یێڤگینی پریگۆژین، فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر دایەوە و رایگەیاند، "پارێزگاری لە سەربەخۆیی وڵاتەکەمان و نەتەوەکەمان دەکەین، پارێزگاری لەوە دەکەین کە ئێمە رووسیاین. ئەم دۆخەی ئێمە ئێستا پێیدا تێدەپەڕین، پێویستی بە هەوڵی هەمەلایەنەیە. پێویستە واز لەو خاڵانە بهێنین، کە وڵاتەکەمان لاواز دەکەن".

سەرۆکی رووسیا دووپاتی دەکاتەوە، رووبەڕووی هەموو هێرشەکان دەبنەوە و پارێزگاری لە سەربەخۆیی وڵاتەکەیان دەکەن. هاوکات سزای هەموو ئەو کەسانە دەدەن کە بەشدارییان لەو "خیانەتە نیشتمانییە"دا کردووە کە گرووپی ڤاگنەر کردوویەتی و دەڵێت، "تەنانەت ناهێڵین یەک دانەشیان لە سزادان رزگاریان ببێت".

درەنگانی شەوی هەینی 23ـی حوزەیرانی 2023، یێڤگینی پریگۆژین، فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر، لە تۆمارێکی دەنگیدا بە فەرمی شەڕی دژی سوپای رووسیا راگەیاند و ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەیان 25 هەزار کەسە و دەیانەوێت گەلی رووسیا ئازادبکەن لەو سیستەمەی لە مۆسکۆ حکوم دەکات.