گرووپی ڤاگنەر لە رووسیا یاخی دەبێت

K24 - هەولێر

گرووپی ڤاگنەر لە رووسیا یاخی بوون و شەڕیان دژی مۆسکۆ راگەیاند و دەڵێن: رووسیا ئازاد دەکەین.

فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر رایگەیاند، هێزەکانیان دژی چوونەتە ناو خاکی رووسیاوە و دەیانەوێت "گەلی رووسیا ئازاد بکەن".

یێڤگینی پریگۆژین فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر، کە لە تۆمارێکی دەنگیدا بە فەرمی شەڕی دژی سوپای رووسیا راگەیاند، ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان ژمارەیان 25 هەزار کەسە و دەیانەوێت گەلی رووسیا ئازادبکەن لەو سیستەمەی لە مۆسکۆ حکوم دەکات.

پریگۆژین باسی لەوەشکرد، هێزەکانیان لە هەرێمی رۆستۆڤ بڵاوکردووەتەوە و هێلیکۆپتەرێکی سوپای رووسیاشیان خستووەتە خوارەوەو لە پێشڕەوی بەردەوام دەبن.

لەلایەکی دیکەوە، دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی رووسیا، تۆمەتی یاخیبوونی دایە پاڵ ێڤگینی پیریگۆژین و فەرمانی دەستیگیرکردنی بۆ دەرکرد، بەتۆمەتی یاخی بوون دژی سوپا.

هاوکات، ژمارەیەکی زۆر تانک و زرێپۆش لە شەقامەکانی مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بڵاوەیانپێکراوە و هێزە ئەمنییەکانی شارەکە خراونەتە ئامادەباشییەوە.