عەبدولخالق بابیری: حكومەتی ھەرێم لە پڕۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە هەنگاوی باشی بڕیوە

عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، وەزارەتی پیشمەرگە بەردەوام هەوڵدەدات خولی نوێی ئەفسەران بکاتەوە. هاوکات دەشڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە هەنگاوی باشی بڕیوە.

ئەمڕۆ دووشەممە(26ـی حوزەیرانی 2023)، عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام هەوڵدەدات لە کوردستان لە ئەکادیمیای زاخۆ و قەڵاچۆلان خولی نوێی ئەفسەری بکاتەوە.

لەبارەی پڕۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، گوتی: لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە پرۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە هەنگاوی باشی بڕیوە.

رۆژی چوارشەممە (31ـی ئایاری 2023)، شاندێکی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی کۆڵۆنێڵ پاس، راوێژکاری سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەیان کرد و پشتیوانی سەربازی خۆیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دووپاتکردەوە.

لەبارەی هەنگاوەکانی ئەم دواییەی وەزارەتی پێشمەرگە لە پرسی چاکسازیی هێزەکان، شاندی سەربازی هاوپەیمانان رایانگەیاند، "هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە پرسی چاکسازی و یەکگرتنەوەی بەشێک لە یەکە جیاوازەکانی پێشمەرگە، جێگەی دڵخۆشیی هەمووانە".

هەروەها راشیانگەیاند، "پرسی چاکسازی و یەکگرتنەوەی بەشێک لە یەکە جیاوازەکانی پێشمەرگە هەنگاوێكی گرنگ و پێویستە بۆ ئایندەی هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستاندا".

هاوکات راوێژکاری سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانان لە پرۆسەی چاكسازی و مه‌شق و راهێنانه‌كاندا هاوکاری و پاڵپشتیی خۆیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوە.