هاوردەی ئاژەڵ بۆ هەرێمی کوردستان کەمیکردووە

kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی رابردوو کەمترین هاوردەی ئاژەڵی گۆشتی بۆ هەرێمی کوردستان کراوە، ئەگەر پارێزگای سلێمانی بە نموونە وەربگرین ئەمساڵ بۆ جەژنی قوربان هیچ مامەڵەیەکی نوێ نەکراوە، بەشێک لە هۆکارەکانیش بۆ بڵابوونەوەی تای خوێنبەربوون دەگەڕێنرێتەوە.

لەگەڵ نزیک بوونەوەی جەژنی قوربان  رێکار و رێنماییە تەندروستییەکان بۆ (قەسابخانە) سەربڕخانەکان گیراونەتەبەر بۆ رێگری کردن لە بڵابوونەوەی نەخۆشی پەتای خوێنبەربوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خواست لە کڕینی گۆشتی سوور کەم بوەتەوە.

ئاكام محەممەد، یەکێکە لە گۆشتفرۆشەکانی سلێمانی، دەڵێت: "رۆژانە لە قەسابخانەی نوێی سلێمانییەوە گۆشتمان بۆ دێت و مۆری لێدەدرێت".

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی، ئەمساڵ هیچ مامەڵەیەک بۆ هێناون و هاوردەکردنی ئاژەڵ نەکراوە، ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی رابردوو 300 هەزار داواکاری بۆ هێنانی ئاژەڵی گۆشتی هەبووە، هەروەها یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەرهەمی گۆشتی خۆماڵی ئاژەڵ پێداویستی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە.

جەمال حەسەن، بەرپرسی بەشی  سامانی ناوخۆیی لە بەڕێوبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی بە کوردستان24ی گوت: "ئەو کەسانەی ئێستا ئاژەڵ دەهێنە سنووری سلێمانی هەر ئەوانەن کە ساڵی رابردوو مامەڵەکانیان کردووە، بۆ ئەمساڵ هیچ مامەڵەیەک نەکراوە".