حاجییان بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی فەریزەی حەج

چەند حاجییەک لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکی رەجمکردن - وێنە: AFP
چەند حاجییەک لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکی رەجمکردن - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

حاجییان لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا ئەرکی رەجمکردنیان بەجێگەیاند، دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە لە رێورەسمی وەستان لە کێوی عەرەفە کۆتاییهات کە یەکێک لە گرنگترین روکنەکانی فەریزەی حەج.

رۆژی (28ـی حوزەیرانی 2023)، دەستەی حەجی عێراق رایگەیاند، حاجییانی عێراق بەبێ هیچ کێشە و کەوتنەوەی رووداوێک، ئەرکی رەجمکردنی جەمەرەی عەقەبەیان جێبەجێکردووە و ئەمشەویش لە مینا دەمێننەوە بۆ تەواوکردنی ئەرکەکانی دیکەی حەج لە رۆژانی داهاتوودا.

ئەرکی رەجمکردن بۆ حاجییان بەپێی رێکارەکانی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، سێ جارە کە هەر جارێک حاجییان حەوت بەردی بچووک دەگرنە ئەو شوێنەی بۆ ئەو مەبەستە دیاریکراوە بەناوی جەمەرەی عەقەبە.

هاوکات لەگەڵ تەواوکردنی ئەرکی رەجمکردنی یەکەم، حاجییان دەست بە ئەرکی تەوافکردن بە دەوری کەعبەی پیرۆز دەکەن لە مەککە و بە بڕینی بەشێکی مووی پرچیان، ئیحرام دەشکێنن و دەتوانن جلوبەرگی ئاسایی لەبەربکەن و قەدەغەکراوە شەرعییەکانی کاتی بەستنی ئیحرام، بەشێوەیەکی ئاسایی ئەنجام بدەن.

حاجیان دوێنێ شەو، دوای گەڕانەوەیان لە کێوی عەرەفە، لە موزدەلیفە مانەوە، کە دەکەوێتە نێوان مینا و کێوی عەرەفە، بەگوێرەی رێکارەکانی ئەنجامدانی فەریزەی حەج، مانەوە لە موزدەلیفە واجبە و پێویستە حاجیان نوێژی مەغریب و نوێژی عیشا کورت بکەنەوە و لەوێ پێکەوە ئەنجامی بدەن، هەروەها سوننەتە حاجی تاوەکو بەیانی جەژنی قوربان لە موزدەلیفە بمێنێتەوە و ئەگەر هەر حاجییەکیش لە موزدەلیفە نەمایەوە ئەوا کەفارەتی دەکەوێتە سەر.

بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی ئاماری سعوودیە کۆی گشتی ژمارەی حاجیانی ئەمساڵ لە 150 وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان کردووە گەیشتووەتە، ملیۆنێک و 845 هەزار و 45 حاجی و ملیۆنێک و 660 هەزار و 915 حاجی لە دەرەوەی سعوودیە و 184 هەزار و 130 حاجیش لە ناوەوەی سعوودیە ئەمساڵ فەریزەی حەج ئەنجام دەدەن.