پوتن: سووتاندنی قورئان لە رووسیا تاوانە

پوتن لەکاتی وەرگرتنی قورئان
پوتن لەکاتی وەرگرتنی قورئان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی رووسیا جەخت لەسەر رێزگرتن لە قورئان دەکاتەوە و رایگەیاند، سووتاندن و بێ رێزیکردن بە قورئان لە رووسیا بەپێی دەستوور و یاسای سزادان تاوانە و لە داهاتووشدا پابەندی ئەو یاسایە دەبن.

رۆژی (28ـی حوزەیرانی 2023) ڤلادمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە لەگەڵ نوێنەری موسڵمانانی داغستان کۆبووەوە و سەردانی مزگەوتی دێرینی دەربەند کرد و لەلایەن نوێنەرانی ئەو مزگەوتەوە، قورئانێکی وەکو دیاری پێشکەشکرا.

هاوکات پوتن وەکو ئاماژەیەک بۆ سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید رایگەیاند، مامەڵەی هەڵە لەگەڵ قورئان لە رووسیا لە رووی دەستوور و یاسای سزادانەوە تاوانە و پابەندبوونی بەو یاسایەشەوە دووپاتکردەوە.

هەروەها سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هەموو لایەک وەکو کتێبێکی پیرۆز سەیری قورئان بکەن و زیاتر گوتی، "قورئانی پیرۆز بۆ موسڵمانان پیرۆزە و پێویستە لەلایەن وڵاتانی دیکەش پیرۆز بێت".

ڤلادیمێر پوتن راشیگەیاند، "ئێمە ئەوە دەزانین کە لە وڵاتانی دیکەدا بەشێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ قورئاندا دەکرێت، رێز لە هەستی ئایینی خەڵک ناگرن، سەرەڕای ئەوەش دەڵێن ئەمە تاوان نییە، بەڵام لە وڵاتی ئێمە بەگوێرەی دەستوور و یاسای سزادان، تاوانە و لە داهاتووشدا هەر پابەندی ئەم یاسایانە دەبین".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پوتن جەختی لەسەر پەیوەندی برایەتی و ریزگرتن نێوان کریستیانەکان و موسوڵمانان لە رووسیا کردەوە و وەک خاڵی بەهێزی یەکگرتوویی گەلی رووسیای وەسفکرد و روونیکردەوە، لە رووسیا پێکەوەژیان و ئاشی بەهێز لە نێوان ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان هەیە.