رەزا کەعبی بە سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هەڵبژێردرا

رەزا کەعبی، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
رەزا کەعبی، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

K24 – هەولێر:

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران راگەیەندراوی کۆتایی پلینیۆمی 16ــیەمینی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سکرتێری گشتی و گوتەبێژی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەکەش هەڵبژێردران و لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆنگرەی گشتی کۆمەڵەکەیان ئەنجام دەدەن.

دوا بەدوای رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوو لە نێوان هەردوو کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان کە دوو پارتی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە بووە هۆی کوژرانی دوو پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەکە راگەیەندراوی کۆتایی پلینیۆمی 16ـەهەمینی راگەیاند کە رۆژی (28ـی حوزەیرانی 2023) ئەنجامدراوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە پلینیۆمدا بەیاننامەیەکی سیاسی بۆ کاری کۆمەڵەکە پەسەندکراوە و جەختیش لەسەر ئەنجامدانی کۆنگرە لە زووترین کاتدا کراوەتەوە. هەروەها فەریبا محەممەدی وەک گوتەبێژی کۆمیتەی ناوەندی و رەزا کەعبی وەک سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هەڵبژێردران.

رۆژی (21ـی حوزەیرانی 2023)، ژمارەیەک ئەندامی رێبەریی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەیان بەوەکرد، چەند مانگ دوای بە فەرمیی دەستپێکردنی پڕۆسەی یەکگرتنەوە و ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی هاوبەشی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بە هۆی ناکۆکیی سیاسی و جێبەجێنەکرانی رێککەوتنەکان و لادان لە ئامانجەکانی یەکگرتنەوەکە، پڕۆسەکە بەبنبەست گەیشتووە.

ئەمە لەکاتێکدایە هەمان رۆژیش، سکرتاریەتی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاند، "شەوی رابردوو عومەری ئیلخانیزادە، جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵە "لە ماڵەکەی خۆی لە ئۆردوگای بانەگەورە گەمارۆ دراوە".