جۆزێپ بۆرێڵ بۆ کوردستان24: دەبێت رێگری لە شەڕ بکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران

جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا
جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا

K24 – برۆکسڵ:

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، پەیوەندییەکی راستەوخۆ هەیە لەنێوان دروستبوونی قەیران و شەڕ و پێکدانان لە وڵاتان و بەرزبوونەوەی ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی و ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت رێگری لە شەڕ بکرێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران لە ئەوروپا.

رۆژی (29ـی حوزەیرانی 2023)، جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، تا قەیرانەکان زیاتر بن، ژمارەی کۆچبەران زیاتر دەبێت و بۆ بەرەنگاربوونەوەی پرسی کۆچبەری نایاساییش، پێویستە هەوڵی رێگریکردن لە قەیرانەکان و پشتیوانی زیاتری گەشەسەندنی ئابووری وڵاتان بکرێت.

جۆزێپ بۆرێڵ گوتیشی، "من لە لایەنە دەرەکییەکەیەوە سەیری پرسی کۆچبەر دەکەم، ئەو لایەنەش پەیوەندی بە قەیرانەکانەوە هەیە. ئەگەر بەیانی قەیرانێک لە شوێنێک رووبدات، ئەمە واتە بەیانی کۆچبەری زیاترمان دەبێت".

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، پەیوەندییەکی راستەوخۆ لە نێوان کۆچبەری نایاسایی و قەیرانی وڵاتان هەیە و روونیکردەوە، کاتێک خەڵک بۆ گەیشتن بە سنوورەکانمان ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە، ئەمە وەڵامێکە بەرانبەر بوونی چەند قەیرانێک، بۆ نموونە سوودان، ئەوەی لە سوودان روودەدات بووەتە هۆی کۆچبەربوونی دەیان هەزار کەس.

بۆرێل باسی لەوەشکرد، "بۆیە کاری ئێمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەری بەوە دەستپێدەکات، کە هەوڵبدەین هاوکاربین لە رێگری لە رووبەڕووبوونەوە و شەڕو پێکدادان و پشتیوانی لە گەشەسەندنی ئابووری بکەین. ئەمە هۆکاری بنەڕەتی کۆچبەرین. دواتر بێگومان پێویستە رووبەڕووی قاچاغچییەکان ببینەوە".

ئەو بەرپرسە باڵایەی یەکێتی ئەوروپا گوتیشی، "لە روانگەی من تا قەیران زیاتر بێت، کۆچبەر زیاتر دەبن. بۆیە کاتێک قەیرانێک روودەدات پێویستە هاوکاری زیاتر پێشکەش بکەین، ئەگەر نا کۆچبەری زیاترمان دەبێت".