ئەرکی کونسوڵی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کۆتاییهات.. "سوپاس بۆ هاوکاری و پشتگیریتان"
K24 - هەولێر
کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ماڵئاوایی لە نێچیرڤان بارزانی کرد و ئەرکەکەی کۆتاییهات. هاوکات سوپاسی سەرۆکی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەو هاوکاری و پشتگیرییە بەردەوامەی لە ئەرکەکانی کردوون.
ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه 2ـی تەممووزی 2023، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له ئۆليڤيێ ديكۆتينى، كونسوڵى گشتيى فه‌ره‌نسا له هه‌رێمى كوردستان كرد كە بۆ ماڵئاوايى و به‌بۆنه‌ى كۆتاييهاتنى ئه‌ركييه‌وه، سەردانی سەرۆكی هەرێمی کوردستانی كردبوو.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا روونیکردووەتەوە، له کۆبوونەوەکەدا "نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ ئه‌رك و هه‌وڵه‌كانى ديكۆتينى بۆ بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و فه‌ره‌نسا" دووپاتکردووەتەوە و هيواى سه‌ركه‌وتنى "له پۆست و ئه‌ركى تازه‌يدا" بۆ خواستووە.
كونسوڵى گشتيى فه‌ره‌نسا وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، سوپاس و پێزانينى خۆی پێشكه‌شی نێچيرڤان بارزانى و لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان كردووە "بۆ هاوكارى و پشتگيرييان له ئه‌ركەكانى و هيواى خواست به هه‌مان شێوه له‌گه‌ڵ جێگره‌وه‌كه‌ى به‌رده‌وام بن".
ئەوەش خراوەتەڕوو، بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه بوون و کونسوڵی فەرەنسا "بە پێزانینەوە باسی له ڕۆڵى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كرد له به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى هەولێر و پاریس."
کونسولخانەی فەرەنسا لە هەولێر سەرەتا وەک ئۆفیسی باڵیۆزخانە لە 1ـی حوزەیرانی 2008 کرایەوە و دواتر بووە کونسوڵخانەی گشتیی فەرەنسا. یەکەم کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر (فرێدریک تیسۆ) بوو کە تاوەکو مانگی ئەیلوولی 2012 لە پۆستەکەی بەردەوام بوو.
مانگی ئەیلوولی 2012، تاوەکو مانگی ئەیلوولی 2016 (ئالان گێپرات) وەک کونسولی گشتیی ئەرکەکەی گرتە ئەستۆ. دواتر لە مانگی ئەیلوولی 2016 تاوەکو مانگی ئەیلوولی 2019 (دۆمینیک ماس) کونسوڵی گشتیی بووە لە هەولێر.
دواهەمینیان (ئۆلیڤیێ دیکۆنتینی) بوو، کە لە مانگی ئەیلوولی 2019 تاوەکو ئەمڕۆ کونسولی گشتیی فەرەنسا بوو لە هەرێمی کوردستان.