وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کردنەوەی زانکۆی تایبەت مەرجدار دەکات

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق

K24 – هەولێر:

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی عێراق کردنەوەی زانکۆی تایبەت مەرجدار دەکات بە هاوبەشی کردن لەگەڵ زانکۆیەکی بیانی کە لە لیستی زانکۆ باوەرپێکراوەکانی وەزارەکە هەبێت.

حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی (11ـی حوزەیرانی 2023)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راسپاردەکانی وەزارەتەکەیانی لەبارەی کردنەوەی زانکۆی حکومی و تایبەت پەسەندکرد، کە لەمەودوا لەسەر چەند بنەمایەکی نوێ مۆڵەت بە کردنەوەی زانکۆی نوێ دەدرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی ئەو پلانەی دانراوە، پێداویستی بازاڕ، کوالێتی خوێندن و ئاستی زانستی و ئەکادیمی لەبەرچاو دەگرێت، هاوکات هەڵسەنگاندنی زانکۆ تایبەتەکانیش لەخۆدەگرێت.

لەبارەی مەرجی کردنەوەی زانکۆی تایبەت لە عێراقدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژەینەوەی زانستی عێراق مەرجی ئەوەی داناوە کە پێویستە بۆ لە مەودوا هەر زانکۆیەکی تایبەت بکرێتەوە پێویستە لەگەڵ زانکۆیەکی بیانی متمانەپێکراوی ئاست بەرز هاوبەشی بکات کە لە لیستی زانکۆ باوەرپێکراوەکانی وەزارەتەکەیاندا هەبێت.

حەیدەر عەبودی ئاماژەی بەوەشکرد، هاوبەشیکردنی زانکۆ تایبەتەکان لەگەڵ زانکۆیەکی بیانی پێویستە لەسەر ئاستی بەرنامە و پرۆگرامەکانی خوێندن بێت بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی دوو ساڵی خوێندن، بە پێچەوانەوە، پرۆسەی وەرگرتنی قوتابیان لەو کۆلیژە یاخود بەشە زانستییە هەڵدەپەسێردرێت.

لە سیستەمی خوێندنی باڵای عێراقدا جگەلە هەرێمی کوردستان، 35 زانکۆی حکومی و 66 زانکۆ و کۆلیژی زانکۆیی تایبەت هەیە کە بە گوێرەی یاسای خوێندنی باڵای تایبەت بە ژمارە (25)ـی ساڵی 2016 مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقدان.