راپۆرتە هەواڵگرییەکان: مووچەی چەکدارانی ڤاگنەر سێ هێندەی مووچەی سەربازانی رووسیایە

K24 - هەولێر

بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵگرییەکان، مووچەی هەر چەکدارێکی گرووپی ڤاگنەر نزیکەی سێ هەزار یۆرۆریە، هەروەها مووچەی هەر سەربازێکی رووسیاش لە هەزار و 75 یۆرۆ تێپەڕ ناکات.

راپۆرتە هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا ئاشکرایان کردووە، مووچەی چەکدارێک لە گروپی سەربازی "ڤاگنەر"ی رووسی نزیکەی سێ هەزار یۆرۆیە، کە بە پارە و زێڕ خەرج دەکرێت.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەگەر ئەندامێکی ڤاگنەر بکوژرێت، خێزانەکەی پێنج ملیۆن ڕوبڵ وەردەگرن کە دەکاتە نزیکەی 55 هەزار یۆرۆ.

بەگوێرەی رۆژنامەی "مارکا"ی ئیسپانی، ئەم حەقدەستانە جیاوازن لەو ئۆفەرانەی کە سەرۆکی گروپی "ڤاگنەر" یڤگنی پریگۆژین پێشکەشی ئەو کەسانە دەکات کە تا ئەم دواییانە لە زیندانەکاندا دەرهێنراون و دامەزراون.

لە راپۆرتەکەی رۆژنامە ئیسپانییەکەدا هاتووە و باس لەوە دەکات، کە پریگۆژین ئۆفەرێکی بە مووچەی نزیکەی 2200 یۆرۆ و گرێبەستی کارکردنی نزیکەی شەش مانگ پێشکەش کردووە.

ئەم مووچانەی چەکدار زۆر زیاترە لە تێکڕای مووچەی سەربازێکی رووسی، کە دەرماڵەکانی لە نێوان 70 هەزار بۆ 100 هەزار  ڕوبڵە، کە دەکاتە 750 تا 1075 یۆرۆ.

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا سێ بژاردەی خستە بەردەم چەکدارانی ڤاگنەر، یەکەمیان پەیوەندیکردنە بە سوپای ئاساییەوە، دووەمیشیان ئەوەیە کەچەکدارەکان بچنە لای خێزانەکانیان، بژاردەی سێیەمیش رێگەیان پێدەدات بەرەو بێلارووس بڕۆن.

درەنگانی شەوی (23ـی حوزەیرانی 2023)، یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر جەنگی دژی سوپای رووسیا و حکومەتی مۆسکۆ راگەیاند و هێزەکانیان چوونە ناو شاری رۆستۆڤ لە سنووری رووسیا و تەواوی بنکە سەربازییەکانیان کۆنترۆڵکرد. دواتر نووسینگه‌ی سه‌رۆكی بیلارووس بڵاویكرده‌وه‌، گرووپی ڤاگنه‌ر رازی بووه‌ دۆخه‌كه‌ له‌ رووسیا هێوربكاته‌وه‌ و چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانی بوه‌ستێنێت.