کابینەی نۆیەم، شەفافییەت و راشکاوی لە وەڵامدانەوەی پەرلەمان

کابینەی نۆیەم، شەفافییەت و راشکاوی لە وەڵامدانەوەی پەرلەمان

K24   - هەولێر

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوونە پەرلەمان و وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتاران، هەر لە سەرۆکوەزیرانەوە تا دەگاتە وەزیر و بەرپرسانی پەیوەندیدار بۆ پەرلەمان و لیژنە جیاوازەکانی پەرلەمان، ریکۆردی شکاندووە.

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، 96 جار بەرپرسانی باڵای حکومەت و وەزیرەکانی چوونەتە پەرلەمان و 275  جاریش چوونەتە بەردەم لیژنەکانی پەرلەمان و وەڵامی پرسیاری لیژنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستانیان داوەتەوە.

هەر لە چوار ساڵی رابردوودا، پەرلەمانتاران چوار هەزار و 313 پرسیاریان ئاراستەی حکومەت و وەزارەتە جیاوازەکانی کردووە، وەڵامی سێ هەزار و 862 پرسیاریان دراوەتەوە.

هەروەها لە 5ـی ئۆکتۆبەری 2020، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمێکی حکومەت چووە پەرلەمانی کوردستان و زیاتر لە 10 کاتژمێر لە پەرلەمانی کوردستان مایەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وەڵامی زیاتر لە 450 پرسیاری 98 پەرلەمانتاری دایەوە. 

چوونی سەرۆکوەزیران بۆ پەرلەمان، بە درێژترین گفتوگۆی نێوان حکومەت و پەرلەمان دادەنرێت، بەشێوەیەک پێشتر هاوشێوەی نەبووە. 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەرلەماندا راپۆرتێکی تێروتەسەلی لەبارەی کار و پرۆژەکانی کابینەکەی خستەروو. ئەوەی زۆر چاوی لەسەربوو و قسەی لەسەر دەکرا، بابەتی چاکسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی رۆتینات لە دامودەزگا و فەرمانگەکانی حکومەت و بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگواری و کاروباری حکومەت بوو.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، بابەتی چاکسازی هەنگاوی باشی بڕیوە هەرچەندە وەک دەڵێن چاکسازی قەت تەواو نابێت و پرۆسەیەکی بەردەوامە، بابەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی رۆتینات قۆناغی باش چووەتە پێش و لە بابەتی بە دیجیتاڵکردنیش تا ساڵی 2025 حکومەت دەبێتە حکومەتێکی ئەلیکترۆنی.

دوای راپۆرتەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوێی لە پرسیاری یەک بە یەکی پەرلەمانتاران گرت و لەسەر هەموو پرسەکان هەڵوەستەیکرد، زۆر راشکاوانەش وەڵامی هەمووانیدایەوە.

ئەوەی گرنگ بوو دوای تاوتوێکردنی وەڵامەکان بەزۆرینەی دەنگ پەرلەمانی کوردستان دەقی وەڵامەکانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمە وزارییەکەی لە پەرلەمان پەسەندکرد.

ناوه‌ڕۆكی راپۆرته‌كه‌ی سەرۆک وەزیران مه‌سرور بارزانی كه‌ له‌ په‌رله‌مان پێشكه‌شی كرد لێرە بخوێنەوە.

 ده‌قی وه‌ڵامه‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان بۆ پرسیارەکانی پەرلەمانتاران لێرە بخێنەوە.