پێشەوا هەورامانی: بابەتی ئاو لە ئەولەوییەتی کارەکانی کابینەی نۆیەم بووە

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ر
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ر

K24 – هەولێر:

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەترسی و کاریگەرییەکانی کەمبوونەوەی ئاوی لە پێشینەی کارەکانی داناوە و چەندین پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی ئەنجامداوە و گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە داتا و زانیاری وردەکاری کار و پرۆژەکانی کابینەی نۆیەم دەخاتەڕوو.

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 18 بەنداو و پۆند بە گوژمەی 120 ملیار دینار تەواوکراون و 13 بەنداو و پۆندی دیکەش بە گوژمەی 555 ملیار دینار بە توانای گلدانەوەی زیاتر لە 200 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە جێبەجێکردندان.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا 110 پرۆژەی تەواوکراوی پۆند لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کە لە کەرتەکانی گەشتیاری، کشتوکاڵی، باخداری و ئاژەڵداری سوودیان لێوەردەگیرێت و 40 پۆندی دیکەش لەژێر پلانی جێبەجێکردندان و 71 پۆندی دیکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم بۆ ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازکراوە.

هەورامانی ئاشکرای کرد، جگە لە پرۆژەکانی بەنداو و پۆندەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر 89 پرۆژەی ئاودێری دیکە کردووە.

لەبارەی ژمارەی بیرە یاساییەکان لە هەرێمی کوردستان، پێشەوا هەورامانی رایگەیاند، 26 هەزار و 818 هەیە بەشێوەیەک لە دهۆک، چوار هەزار و 506  4506، لە هەولێر، 10 هەزار و 275 بیر و لە سلێمانی 10 هەزار و 99 بیر و لە ئیدارەی گەرمیان هەزار و 938 بیری یاسایی هەیە.

هاوکات گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری بیرە نایاساییەکانی بڵاوکردەوە کە دەگاتە 28 هەزار و 410 بیر، بەشێوەیەک لە دهۆک 500 بیر، لە هەولێر شەش هەزار و 500 بیر و لە سلێمانیش 20 هەزار و 410 بیر و لە گەرمیان هەزار و 500 بیری نایاسایی هەن. لەگەڵ ئەوەشدا، 500 ئامێری بیرلێدان کە بە نایاسایی کاریانکردووە لەناوبراون.

پێشەوا هەورامانی باسی لەوەشکردووە، رێژەی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی کوردستان رۆژانە دەگاتە دوو ملیۆن و 876 هەزار و 820 کە لە رێگەی 20 وێستگە، 5412 بیر و 861 کانیاو و 44 کۆمپاکتەوە دابین دەکرێت.

هاوکات ژمارەی هاوبەشانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بریتییە لە ملیۆنێک و 81 هەزار و 73 هاوبەش، کە رۆژانە بۆ هەر تاکێک 500 لیتر ئاو دابینکراوە لە کاتێکدا لە وڵاتانی دەوروبەر بەرهەمی رۆژانە بۆ هەر تاکێک دەگاتە 250 لیتر.

بۆ سنووردارکردنی بەفیڕۆدانی ئاوی پاک، حکومەتی هەرێمی کوردسستان پرۆژەی بەستنی پێوەی زیرەکی ئاوی دەستپێکردووە کە تاوەکو ئێستا بۆ 82%ـی هاوبەشانی ئاو بەستراوە کە بە ژمارە دەکاتە 876 هەزار و 930 پێوەری زیرەکی ئاو.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پێشەوا هەورامانی روونیکردەوە، تێچووی بەرهەمهێنانی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە بەبێ تێچووی کارەبا لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا 538 ملیار دیناربووە لە بەرامبەردا 172 ملیار دینار پارە لەلایەن هاوبەشانی ئاوەوە دراوە بە حکومەت.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەشکردەوە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گرنگیدان بە پرۆژەکانی بۆ پاراستنی سامانی ئاو و دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان، ئەویش چەند پرۆژەیەکی بۆ بووژانەوەی کانیاوەکانی کوردستان و گواستنەوەی ئاوی سەرزەوی بۆ ئاوی ژێرزەوی دەستپێکردووە، لەگەڵ ئەوەشدام بە گوژمەی نزیکەی 21 ملیار دینار، 744 پرۆژەی دیکەی ئاو ئەنجامدەدات.