پەروەردە لە کابینەی نۆیەم: ستراتیژ و لە پێشینەی کارەکان

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

سێکتەری پەروەردە بەشێکی گرنگی لە خزمەت و کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی چوار ساڵی رابردوو پێکهێنا و بەگوێرەی کارنامەکەی کابینەکەش، چەندین کار و پلانی ستراتیژی چوونە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەسەر ئاستی ژێرخانی پەروەردەیی، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بودجەی تەرخانکراو و بە هەماهەنگی و هاندانی کەرتی تایبەتیش لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 80 باخچەی منداڵان و قوتابخانە دروست کردووە و زیاتر لە 10 قوتابخانەی دیکەش ئێستا کارکردن تێیاندا بەردەوامە و لە داهاتوویەکی نزیکدا تەواو دەکرێن.

هەروەها زیاتر لە هەزار و 300 باڵەخانەی باخچەی منداڵان و قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە و 238 ژووری نوێی خوێندنیش بۆ قوتابخانەکان دروستکراوە کە تا کۆتایی ئەمساڵ کارەکان بۆ تەواوکردنی 167 ژووری نوێی دیکە کۆتاییدێت.

لەسەر ئاستی راهێنانی مامۆستایانیش، ستراتیژی حەوت ساڵە بۆ راهێنانی مامۆستایان (2023-2030) دانرا کە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بە مەبەستی گەشپێدانی توانای مامۆستایانی کەرتی حکومی، کە دوای چەند ساڵێکی دیکە کاریگەری لەسەر پرۆسەی پەروەردە و کوالیتی خوێندن و فێرکردن دەبێت.

هاوکات دانانی پرۆگرامی نوێی خوێندن و پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکانی بەشێکی دیکەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی ئاستی زانستی و نوێکردنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن بە زانست و زانیاری سەردەمیانە، کە تاوەکو ئێستا پێداچوونەوە بە 40 پرۆگرامی خوێندن کراوە و کاریش لەسەر 35 پرۆگرامی دیکە دەکرێت.

بە دیجیتاڵکردنی کاروبارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی وەزارەتی پەروەردەش هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە و لە کابینەی نۆیەمیشدا سەرجەم کاروبارەکانی کەرتی پەروەردە بە دیجیتاڵیکران، وەک داتای قوتابخانەکان، مامۆستایان و قوتابیان، کۆگا و کەلوپەل و دانانی پلاتفۆڕمەکانی راهێنان و وانەی ئەلیکترۆنی و ژمێریاریی خەرجی و داهات و واژۆ و پەراوێزی ئەلکیترۆنی دیوانی وەزارەتی پەروەردە و چەندین بواری دیکە.

لەسەر ئاستی کوالێتی خوێندنیش، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستەی متمانەبەخشینی لەسەر پێشنیاز و داواکاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دامەزراند کە ستانداردی گونجاو دادەنێت بۆ پرۆسە و پرۆگرامی خوێندن لە هەرێمی کوردستان.

لەگەڵ ئەوەشدا، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا، بەهۆی کەرەنتینەکردن و داخستنی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن، بە سەرکەوتووانە بەشێوەی ئۆنلاین توانی درێژە بە خوێندن بدات و هیچ ساڵێکی خوێندنی قوتابیان بەفیڕۆنەچێت.