کابینەی نۆیەم؛ پرۆژەکانی رێگاوبان شادەماری بووژانەوەی سێکتەرە جیاوازەکان

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، گرنگییەکی زۆری بە پرۆژەکانی رێگاوبان دا، بە جۆرێک وەک شادەماری بووژانەوەی سێکتەرەکانی دیکەی بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتیاری دانرا و زیاتر لە 600 پرۆژە لەو بوارە بە گوژمەی نزیکەی سێ ترلیۆن دینار ئەنجامدراوە.

هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و گرنگیدان بە سێکتەرە گرنگە گشتییەکان ئامانجی سەرەکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، بەپێی پلان و بەرنامەی ئەو کابینەیەش، شادەماری چالاککردنی سێکتەرەکانی بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتیاری گرنگیدانە بە رێگاوبان.

کەرتی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی شار و گوندەکانی هەرێمی کوردستانیش لەو بوارانەیە کە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، گرنگییەکی زۆری پێ دراوە و هەنگاوی ستراتیژی گەورە لەو پێناوەدا گیرایەبەر، هەر لە دروستکردن و تەواوکردنی رێگا تەواونەکراوەکان و نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی ئەو رێگایانەی چەندین ساڵ بوو بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە، تێکچووبوون و ئاستەنگی هاتووچۆی بۆ هاووڵاتییان دروستکردبوو.

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە گشتی 624 پرۆژە بە گوژمەی نزیکەی سێ ترلیۆن دینار کاریان تێدا کراوە، کە 418 پرۆژەیان تەواوکراون و گوژمەکەیان نزیکەی ترلیۆنێک دینار بووە. هەروەها 206 پرۆژەش بە گوژمەی زیاتر لە ترلیۆنێک و 892 ملیار دینار کارکردن تێیاندا بەردەوامە و بەرێژەی جیاواز کارەکانیان تەواوکراوە.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یەک چاو و بەبێ جیاوازی بە گوێرەی پێویستی پڕۆژەی رێگاوبانی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئەنجامداوە، داتاکانیش دەرخەری ئەو راستییەن کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کابنیەنی خزمەت و ئاوەدانی بووە بۆ هەموو دەڤەرەکانی هەرێمی کوردستان.

لە پارێزگای هەولێر، لە چوار ساڵی کابینەی نۆیەمدا 160 پرۆژە بە گوژمەی 473 ملیار دینار تەواوکراون، 49 پرۆژەش بە گوژمەی زیاتر لە 615 ملیار دینار کاریان تێدا دەکرێت.

لە پارێزگای سلێمانی، 137 پرۆژە بە گوژمەی 202 ملیار دینار و دوو ملیۆن دینار تەواوکراون و  55 پرۆژەش بە گوژمەی نزیکەی 420 ملیار دینار کاریان تێدا دەکرێت.

لە پارێزگای دهۆکیش، 47 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 286 ملیار دینار تەواوکراون، کارکردنیش لە 29 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 405 ملیار دینار بەردەوامە.

لە پارێزگای هەڵەبجەش، 13 پرۆژە بە گوژمەی ملیارێک و 761 ملیار دینار تەواوکراون و 12 پرۆژەش بە گوژمەی زیاتر لە 130 ملیار دینار کاریان تێدا دەکرێت.

لە ئیدارە سەربەخۆکانیش هاوشێوەی پارێزگاکان، گرنگییەکی زۆر بە پرۆژەکانی رێگاوبان دراوە، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 19 پرۆژە بە بڕی 2 ملیار دینار تەواو کراون، 13 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 10 ملیار دینار کاریان تێدا دەکرێت.

لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، 16 پرۆژە بە گوژمەی نزیکەی 30 ملیار دینار تەواوکراون، 22 پرۆژەش بە گوژمەی زیاتر لە 30 ملیار دینار کارکردن تێیاندا بەردەوامە.

لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، چوار پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 66 ملیار دینار کاریان تێدا دەکرێت و بەشێکیان بە رێژەی جیاواز تەواوکراون.

لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، 26 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 13 ملیار دینار تەواو کراوە، کارکردن لە 18 پڕۆژەش بە بڕی زیاتر لە 207 ملیار دینار تەواوکراون.

هەروەها وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بودجەی وەبەرهێنان بۆ رێگاوبانەکان و بودجەی ئاسایی وەبەرهێنان و بودجەی وەبەرهێنان بۆ بیناسازی و نیشتەجێبوون، هەروەها داهاتی 30%ـی وێستگەکانی کێش، پرۆژەکانی رێگاوبانی ئەنجامداوە و لە پلانیدایە چەندین پرۆژەی دیکەش ئەنجام بدات و کاری لە پێشینەشی تەواوکردنی رێگەی جووتسایدی هەولێر کۆیە و جووتسایدی سلێمانی کەلارە.