کابینەی نۆیەم؛ بووژانەوەی سێکتەرەکانی بازرگانی و پیشەسازی

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، بە پلان و بەرنامەی تۆکمە کاری لەسەر بووژانەوەی سێکتەرەکانی بازرگانی و پیشەسازی کرد و لەماوەی چوار ساڵی تەمەنیدا، چوار هەزار و 423 کۆمپانیا و 816 کارگە مۆڵەتی کارکردنیان وەگرتووە.

رەنگڕێژكردنی سیاسەتی بازرگانی و پیشەسازی گشتی بەمەبەستی وەدیهێنانی گەشەسەندنی ئابووری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان، ئامانجی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە، تەنیا لەماوەی كابینەی نۆیەم 4هەزارو 423 كۆمپانیا و 816 كارگە مۆڵەتی كاركردنیان وەرگرتووە و کاریش لەسەر راکێشانی سەرمایەی بیانی کراوە.

بەپێی داتاكانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 32 هەزار و 123 كۆمپانیا لە كوردستان تۆماركراون، بەڵام تەنیا لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا، چوار هەزار و 423 كۆمپانیا تۆماركراون، بە جۆرێك چوار هەزار و 289 كۆمپانیای خۆماڵی و 134 كۆمپانیای بیانی بووە.

هاوکات بە مەبەستی كەمكردنەوەی تێچووی كات و پارە لە پرۆسەی تۆماركردنی بازرگانییەكان، ئەمساڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان سیستمێكی دیجیتاڵی نوێی تۆماركردنی دامەزراوە بازرگانییەكانی راگەیاند كە دەبێتە پێكهێنەرێكی گرنگی ئەو پلانە ستراتیژییە كە لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ بنیادنانی وەرچەرخانی دیجیتاڵی لە سیستمی بەڕێوەبردن لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا راگەیاندراوە.

هەروەها ژمارەی ئەو كارگانەی كە مۆڵەتیان پێدراو لە ماوەی كابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 816 كارگەیە بە سەرمایەی یەك ملیار و 35 ملیۆن و 528 هەزار دۆلار، كە لە رێگەیەوە هەلی كار بۆ 13 هەزار و 451 كەس رەخسێندراوە.

لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا، هەریەك لە سایلۆكانی قوشتەپە و كەلار و بەردەڕەش بە توانای عەمبارکردنی 40 هەزار تۆن بۆ هەریەكێکیان و کۆی گشتیش 120 هەزار تۆن ئامادەكراوە، بەڵام سایلۆكانی دامەزراو تا كۆتایی ساڵی 2013 ژمارەیان 12 سایلۆ بووە كە لە رێگەیەوە توانای عەمباركردنی 585 هەزار تۆنیان هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا، چەندین کارگەی پیشەسازی خۆراک بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان، دانەوێڵە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی دیکەی گرنگ بوو بۆ پاراستن و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران و ئاژەڵداران و دابینکردنی سەبەتەی خۆراکی پێویست و پاراستنی ئاسایشی خۆراک، لەوانەش کارگەی زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان و چەندین کارگەی دیکە بە پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بوارە کەوتنەکار.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر بەوەندەشەوە نەوەستا، بەڵکو هەنگاونان بەرەو قۆناغی هەناردەکاری دەستیپێکرد و بە کەڵک وەرگرتن لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و چالاکییە سیاسی و ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان، زەمینەیەکی لەباری بۆ دۆزینەوەی بازاڕی نێودەوڵەتییەکان و پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی خۆشکرد.

لەمیانەی بەشداریکردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس، لە ساڵی رابردوودا تواندرا پردێکی تایبەت بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی هەنار دروست بکرێت و زەمینەش بۆ هەناردەکردنی چەند بەرهەمێکی دیکە خۆشبکرێت.

لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو، پڕۆسەی هەناردەکردنی هەنار بۆ بازاڕەکانی ئیمارات، سعوودیە، عومان و بەحرێن دەستیپێکرد و لە وەرزی پێگەیشتنی هەناری کوردستانیش تواندرا دوو هەزار تۆن هەناری جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە زاخۆ و هەڵەبجە هەناردەی بازاڕە جیهانییەکان بکرێت.

ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە هەنار کار بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانی ترێ، هەنگوین و سێو دەکات و بەپێی خەمڵاندنەکانیش ساڵانە 77 هەزار تۆن ترێ و هەزار و 87 تۆن هەنگوین و 39 هەزار تۆن سێو و هەروەها 32 هەزار و 494 تۆن هەنار لەلایەن جووتیارانی هەرێمی کوردستانەوە بەرهەمدێت و توانای هەناردەکردنیان هەیە بۆ دەرەوە. ئەمەش جگەلە هەناردەکردنی تەحین و برنجی کوردی و چەند جۆرە خۆراک و پێداویستییەکی دیکە کە لە کارگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێندرێت.

پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ هەناردەکردنی ئەو چوار بەرهەمە کشتوکاڵییە بۆ بازاڕەکانی ئیمارات، ئەوروپا، بەریتانیا، عومان، بەحرێن، سعوودیە و قەتەر دەبێت و بۆ یەکەمجاریش حکومەتی بەریتانیا، دان بە بڕوانامەی سەلامەتی تەندروستی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنێت کە بەمانای داننانە بە هەموو ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی هەرێمی کوردستان کە ئەو بڕوانامەیەیان پێدەدرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی دامەزراندنی دامەزراوەی بەبازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییە ناوخۆییەکان پاڵپشتییەکانی بۆ جووتیاران فراوانتر دەکات و بەشداری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیش لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆسی ئەمساڵ ئەو زەمینەیە فراوانتر دەکات کە ساڵی رابردوو لەپێناو جووتیاران و بەرهەمی ناوخۆیی کوردستان دەستیپێکرد.