باری نائاسایی توركیا چییه
سه‌رۆك كۆماریی توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان پاش كۆبوونه‌وه‌ی كابینه‌ی حكوومه‌ت باری نائاسایی له ته‌واوی توركیا رایگه‌یاند كه بۆ ماوه‌ی سێ مانگ به‌رده‌وام ده‌بێت.
راگه‌یاندنی باری نائاسایی هه‌فته‌یه‌ك پاش هه‌وڵی كوده‌تای سه‌ربازی 15 ته‌موز دێت كه بۆ جێبه‌جێكردنی پێویسته له په‌رله‌مان په‌سند بكرێت و رۆژی پێنجه‌شممه 21 ته‌مووزی 2016 ده‌كه‌وێته بواری جێبه‌جێكردن.
باری نائاسایی له توركیا بۆ حاڵه‌ته‌كانی خواره‌وه له لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه راده‌گه‌ینرێت:
- كاره‌ساتی سروشتی،
- بڵاوبوونه‌وه نه‌خۆشی گشتگیری مه‌ترسیدار یان قه‌یرانی ئابووری
- توندوتیژی بۆ نه‌هێشتنی ده‌ستوور، به‌تایبه‌تی ئه‌و مادانه‌ی كه په‌یوه‌ندیدارن به دیموكراسی و مافی بنه‌ڕه‌تی و ئازادی و هه‌روه‌ها تێكدانی ره‌وشی گشتی وڵات
حاله‌تی نائاسایی جیاوازه له گه‌ڵ حوكمی سه‌ربازی، كه هه‌ر كامه‌یان بۆ بواری جیاواز به‌كار ده‌هێنرین، كه حوكمی عورفی زۆر به‌هێزتره له باری نائاسایی و بۆ حاڵه‌تی خراپتر راده‌گه‌ینرێت.
حوكمی سه‌ربازی martial law بۆ ئه‌م بوارانه‌ی خواره‌وه راده‌گه‌ینرێت:
- هه‌وڵه توندوتیژییه‌كان بۆ نه‌هیشتنی دیموكراسی و مافی بنه‌ڕه‌تی و ئازادی كه له چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا هاتوون.
- شه‌ڕ یان ئه‌و ره‌وشه‌ی كه شه‌ڕ لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
- سه‌رهه‌ڵدان
- مه‌ترسی ناوخۆیی یان ده‌ره‌كی كه ببێته هۆی تێكدانی وڵات و ئاسایشی گه‌ل
- به‌كارهێنانی هێز له دژی وڵات یان كۆماری توركیا
ئه‌وه‌ی كه سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند باری نائاساییه‌وه، كه به‌هۆیه‌وه ژیانی گشتی و تایبه‌تی له توركیا ده‌خاته ژێر چاودێری و رێوشوێنی تایبه‌ت له هه‌موو ئاسته‌كانی ده‌گرێته‌به‌ر و كاریگه‌ری بۆ سه‌ر ته‌واوی بواره‌كانی ژیان هه‌یه. له حاڵه‌تی نائاساییدا هاتوچوو، چالاكی سیاسی و مه‌ده‌نی، ئازادی تاكه‌كه‌سی و مافی مرۆڤ ده‌كه‌وێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌ت و رێوشوێنی تایبه‌ت و جیا له یاسا كارپێكراوه‌كان بۆ رێكخستنیان ده‌گرێته‌به‌ر.
به‌پێ ده‌ستووری توركیا حاڵه‌تی نائاسایی نابێت له شه‌ش مانگ زیاتر ببێت، به‌ڵام په‌رله‌مان له‌سه‌ر داوای حكوومه‌ت ده‌توانی بۆ چوار مانگ درێژ بكاته‌وه، یان هه‌ڵوه‌شێنته‌وه، یان گۆڕانكاری تێیدا بكات.
باری نائاسایی له په‌رله‌مان په‌سند ده‌كرێت وله راگه‌یاندنی فه‌رمی توركیا بڵاو ده‌كرێته‌وه و ده‌كه‌وێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
له ماوه‌ی سێ مانگی باری نائاسایی له توركیا" رێوشوێنی تایبه‌ت له بواره‌كانی خواره‌وه ده‌گرێته‌به‌ر:
- هاتوچوو سنووردار یان قه‌ده‌غه ده‌كرێت.
- له شوێن و كاتی دیاریكراو، گه‌ڕان و گردبوونه‌وه و هاتوچووی ئۆتۆمبێل قه‌ده‌غه ده‌كرێت.
- پشكنینی خه‌ڵك و ئۆتۆمبێله‌كانیان ده‌كرێت و ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و شتانه ده‌گرێت كه به به‌ڵگه‌ی تاوان ناسێنراون.
- له‌كاتی راگه‌یاندنی باری نائاسایی له هه‌ر ناوچه‌یه‌ك، دانیشتوانی ناوچه بۆ هاتن و چوونه ده‌ره‌وه له ناوچه‌كه‌یان پێویسته ناسنامه‌یان پێ بێت.
- بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆژنامه، گۆڤار، بڵاكراوه، كتێب، هه‌ڵواسراو، تابلۆ، په‌خشكردن، به‌رهه‌مێنان و دابه‌شكردنی ته‌واوی بواره‌كانی هاوشێوه قه‌ده‌غه ده‌كرێت یان به پێدانی مۆڵه‌تی تایبه‌ت ده‌به‌سترێته‌وه. ئه‌وانه‌ی كه پێشتر بڵاوكرانه‌وه، ئه‌گه‌ر له دژی باری نائاسایی بن، كۆ ده‌كرێنه‌وه.
- لێدوان، نووسین، وێنه، فیلم، پلاك، كاسێتی و سی دی ده‌نگ و ره‌نگ و هه‌ر جۆره په‌خشێك تاقی ده‌كرێنه‌وه و پاشان بڕیاری تۆماركردن یان قه‌ده‌غه‌كردنیان ده‌درێت.
- ئه‌و دامه‌زراو و بانكانه‌ی كه هه‌ستی گشتی و تاكه‌كه‌س ده‌وروژێنن، رێوشوێنی تایبه‌تی بۆ پاراستنیان ده‌گرێته‌به‌ر.
- هه‌ر جۆره دراما و فیلمێك تاقی ده‌كرێنه‌وه و پاشان بڕیار له‌سه‌ر را‌گرتن یان قه‌ده‌غه‌كردنیان ده‌درێت.
- ئه‌وانه‌ی كه مۆڵه‌تی هه‌ڵگرتنی چه‌كیان هه‌یه، مۆڵه‌ته‌كه‌یان هه‌ڵده‌وشوێته و به‌پێی پێویستی مۆڵه‌تیان پێ ده‌درێت.
- هه‌رجۆره ته‌قه‌مه‌نی، بۆمب و ماده‌كانی تێكدان و ماده‌كانی ته‌قینه‌وه، ماده‌كانی رادیۆ ئه‌كتیڤ و ئامێره‌كانی سوتێنه‌ر و تیژ و زیانبار و قه‌ده‌غه‌كراو، ئامێر یان ئۆتۆمبێله‌كانیان داوای راده‌ستكردنیان ده‌كرێت یان كۆ ده‌كرێنه‌وه.
- بۆ چالاكی سه‌ندیكا و رێكخراوه‌كان بڕیاری جیاواز بۆ هه‌ر كامه‌یان ده‌رده‌چێت و بۆ ماوه‌ی سێ مانگ به‌پێی یاسای نوێ چالاكی ده‌نوێنن.
- رێوشوێنێ تایبه‌ت بۆ پاراستنی ئه‌منییه‌ت و ئاسایشی ئه‌و ناوچانه ده‌گرێته‌به‌ر كه باری نائاسایی تێیدا راگه‌یه‌نراوه.