وەزارەتی بەرگری تورکیا: لە هەشت ساڵی رابردوودا 38 هەزار چەکدار کوژراون

ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکان   فۆتۆ: AA
ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکان فۆتۆ: AA

K24 – هەولێر:

وەزارەتی بەرگری تورکیا بەردەوامی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەی دژ بە چەکدارانی پەکەکە دووپاتکردەوە و رایەگەیاند، لە ناوەڕاستی ساڵی 2015ـەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 38 هەزار چەکدا کوژراون.

عەقید زەکی ئاکتورک، بەرپرسی پەیوەندی و میدیای وەزارەتی بەرگری تورکیا لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەماوەی هەفتەی رابردوودا، 19 چەکدار لە دەرەوە و ناوەوەی سنووری تورکیا کراونەتە ئامانج.

ئاکتورک گوتیشی، "ئۆپراسیۆنەکانمان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بێ دابڕان بە سەرکەوتووییەوە بەردەوامە. لە عێراق و باکووری سووریا لە ماوەی هەفتەیەکدا 19 تیرۆریست کوژراون، لەو چوارچێوەیەدا ئەمساڵ 813 تیرۆریست کوژراون".

هەروەها ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، "لە 24ـی تەمموزی ساڵی 2015ـەوە تاوەکو ئێستا، 38 هەزار و 156 تیرۆریست کوژراون". هاوکات لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چڕنوک قوفڵ لەماوەی ئەم هەفتەیەدا دەست بەسەر چەک و  تەقەمەنی جیاواز گیراوە".

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی (12ـی تەمموزی 2023) لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی لوتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە لیتوانیا جەختی لەسەر بەردەوامی شەڕی وڵاتەکەی لە دژی تیرۆر دووپاتکردەوە.

رۆژێک پێش ئەو لێدوانەی ئەردۆگانیش، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمه‌ریکا رایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمه‌ریکا هیچ مەرجێکی بۆ پێدانی فڕۆکەی ئێف شازدە بە تورکیا نییە و دەیەوێت ئەو پرسە لەگەڵ کۆنگرێسی وڵاتەکەی یەکلایی بکاتەوە.

سوپای تورکیا لە (18ـی نیسانی 2022)، ئۆپراسیۆنێکی لە رێگەی وشکانی و ئاسمانیەوە بەناوی "چنگ-قفڵ" بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە ناوچەکانی زاپ، مەتین و ئاڤاشین دەستپێکردووە.

له‌ (16ـی حوزەیرانی 2020)ـەوە سوپای توركیا هاتە ناو خاكی عێراق و له‌ سنووری باتیفای سه‌ر به‌ قه‌زای زاخۆ ئۆپراسیۆنێكی به‌ ناوی "چنگی هه‌ڵۆ" دەستپێکرد و 20 بنكه‌ی سه‌ربازی داناوه‌ و به‌ قوڵایی 14 كیلۆمه‌تر و به‌ پانی 30 كیلۆمه‌تر ناوچه‌كه‌ی گرتووه‌.

هه‌روه‌ها له‌ (24ـی نیسانی 2021) سوپای توركیا ده‌ستی به هەڵمەتێکی سه‌ربازی كرد له‌ سنووری ناحیه‌ی كانی ماسی له‌ قه‌زای ئامێدی و ناوچه‌كه‌ی خستووه‌ته‌ چوارچێوه‌ی ئۆپراسیۆنی چنگی برووسكه‌ و نۆ بنكه‌ی سه‌ربازی داناوه‌ و به‌ قوڵایی شەش كیلۆمه‌تر و پانتایی 10 كیلۆمه‌تر له‌ ناوچه‌كه‌یه.

پێشتریش لە (28ـی ئایاری 2019) ئۆپراسیۆنی چنگی دژ بە بارەگاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و ناوچە سنوورییەکان ئەنجامدابوو.

هەروەها لە (9ـی ئۆکتۆبەری 2019)، ئۆپراسیۆنی کانیاوی ئاشتی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا دەستپێکرد و چەندین کیلۆمەتر سنووری ئەو وڵاتەی بەزاند.