پیشەی دروستکردنی پێڵاو لە مووسڵ بەردەوامە

K24 – مووسڵ:

دوای ئازادکردنی مووسڵ و وێرانبوونی زۆرینەی کارگەکان، بەشێک لە هاووڵاتییان لەنێو ماڵەکانیان کارگەی دروستکردنی پێڵاویان داناوە، هاوکات دەشڵێن: جێگەی نیگەرانییە لە ئیستادا زۆرینە کاڵاکان لە دەرەوە هاوردەدەکرێت بۆمان و گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆ نادرێت.

خاوەن کارگەیەکی پێڵاو بە کوردستان24ـی راگەیاند، 60 ساڵە پێڵاو دروستدەکات و لە سەردەمی پێش هاتنی چەکدارانی داعش کارگەکەی لە شوێنێکی باشدا بوو، بەڵام بەهۆی تێکدانی کارگەکەی لەلاین داعشەوە، لە ئێستادا لەناو خانوێکدا دەستی کردووەتەوە بە پیشەی پێڵاو دروستکردن.

هاوکات بەشێک لە خاوەن کارگەکانی پێڵاو لە مووسڵ گلەی ئەوە دەکەن، کە حکومەت گرنگی بە کاڵای ناوخۆیی نادات و زۆرینەی کاڵاکان لە دەرەوە هاوردە دەکات.

لەلایەن خۆیەوە، احمد بەلە، چالاکوان، بۆ کوردستان24ـی گووتی: "پێش هاتنی چەکدارانی داعش بازاڕی شاری مووسڵ زۆر بەناوبانگ بوو بە تایبەت بەهەبوونی زۆرینەی کاڵا و کەلوپەلی ناوخۆیی، لەنێویشیدا هەبوونی چەندین کارگەی دروستکردنی پێڵاو و چەندەها کارگەی دروستکردنی کاڵاکانی دیکە، بەڵام سەرجەمیان لەلایەن داعشەوە وێران کران و لە ئێستادا زۆرینە ئەو کاڵانەی کە دەفرۆشێن کاڵای هاوردەن".

لە شاری مووسڵ زیاتر لە 20 کارگەی دروستکردنی پێڵاو و سەدان کارگەی جۆراوجۆر هەبوون، بەڵام لە ئێستادا تەنیا چوار کارگە لەناو ئەم شارەدا ماوەتەوە و شارەزایانیش دەڵێن، حکومەت کەرتی تایبەتی پەراوێز خستیە و گرنگی پێنادات.