لایەنگرانی سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا

K24 – هەولێر

لایەنگرانی موقتەدا سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و باڵیۆزخانەکەیان سوتاند.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20/7/2023، لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هەڵیاکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و ئاگریان تێبەردا.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی سوید رایگەیاند: "هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەکەمان لە بەغدا دەستدرێژییە و عێراق بەرپرسیارە لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسی و کارمەندەکانمان".

وەزارەتی دەرەوەی سوید باسی لەوەشکردووە: "دەستدرێژییە بۆسەر رێککەوتنی ڤییەنای تایبەت بە نێردە دیپلۆماسییەکان".

راشیگەیاندووە: "کارمەند و نێردە دیپلۆماسییەکانمان لە بەغدا سەلامەتن  و بۆشوێنیکی پارێزراو گواستراونەتەوە".

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی عیراق بە توندی سەرکۆنەی هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی سویدی لە بەغدا کرد و بە دەستدرێژی بۆسەر کاری دیپلۆماسی وەسفکرد.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی راسپارد لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بکەن و بکەرانی کارەکە دەستگیربکەن.

پێشتر لایەنگرانی سەدر هەڕەشەیان لە باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا کردبوو، ئەمەش دوای ئەوەی پەنابەرێکی بە رەگەز بەناوی سەلوان مۆمیکا،عێراقی لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید چەند جارێک قورئانی پیرۆزی سوتاند، ئەمەش لە عێراق و چەندین وڵاتی ئیسلامی کاردانەوەی لێکەوتەوە.